Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2022-05-13 - 05:59

لە کۆتاییدا زمانی کوردی/سۆرانی لەپاڵ ٢٣ زمانی تردا بۆ وەرگێڕی گووگڵ زیادکرا

لە درێژەی هەوڵەکانی گووگڵ بۆ پەرەپێدانی تواناکانی یاریدەدەری گووگڵ/Google Assistant بۆ ژمارەیەکی زیاتری بەکارهێنەران و بە شێوەیەکی سروشتی تر. دوێنێ لە کۆنگرەی ساڵانەی گووگڵ "Google I/O" نوێترین نوێکارییەکانیان بۆ وەرگێڕی گووگڵ/Google Translate ڕاگەیاند کە خۆی لە زیادکردنی ٢٤ زمانی نوێ و بەکارهێنانی تەکنیکی نوێ لە باشترکردنی وەرگێڕانەکاندا دەبینییەوە بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد.


 
یەکێک لەو زمانە زیادکراوانە بریتبوو لە زمانی کوردی(شێوەزاری سۆرانی) بە گوێرەی گووگڵ کۆی ئەو ٢٤ زمانە ٣٠٠ ملیۆن ئاخێوەریان هەیە لە جیهاندا و ژمارەی ئاخێوەرانی کوردی/سۆرانی بە ٨ ملیۆن کەس داناوە، وە ئەگەر ئەوانەش هەژمار بکەین کە زمانی دووەمیان کوردییە گووگڵ ژمارەکەی بە ١٥ ملیۆن ئاخێوەر داناوە.

لەم ساڵانەی دواییدا تواناکانی گووگڵ بۆ زیادکردنی زمانی نوێ گەشەیسەندووە، بۆ ئەمەش دەبێ سوپاسی گەشە تەکنەلۆژییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی بکەین بە تایبەت زیرەکی دەستکرد. چونکە تاوەکو چەند ساڵێک لەمەوپێش زیادکردنی زمانانێکی لەم شێوەیە کە گووگڵ بە کەم-سەرچاوە ناویناون بۆ تەکنەلۆژیا نزیک لە مەحاڵبوو، کەم-سەرچاوە بەو واتایەی کە نووسین و سەرچاوە بەم زمانانە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت زۆر کەم بوو  تاوەکو بەکاربهێندرێت لە باشترکردنی وەرگێرانەکاندا. بەڵام لەمڕۆدا بە هۆی ئەو تەکنەلۆژیای کە پێی دەڵێن " Zero-Shot Machine Translation" ئەو کارە زۆر ئاسانترە.

بۆ ڕوونکردنەوەی شێوازی کارکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانیت وای دابنێیت کە مۆدێلێکی زەبەلاحی زیرەکی دەستکردمان هەیە و بۆ وەرگێڕانی ١٠٠ زمان ڕاهێنانی پێکراوە، بەڵام دواتر دەتوانێت خۆی فێری زمانی تر ببێت و وەرگێڕان بۆ هەزار زمانی تر بکات بێئەوەی فێرکرابێت و ڕاهێنانی پێکرابێت. یان دەتوانیت وەک کەسێک وێنای بکەیت کە ١٠ زمان دەزانێت و دواتر ڕۆمانێک دەخوێنێتەوە بە زمانێک کە فێری نەبووە و نایزانێت بەڵام بە پشت بەستن بەو زمانانەی کە دەیزانێت و ئەو زانیاریانەی کە بە گشتی لەسەر زمان هەیەتی دەتوانێت بزانێت وشەکان مانایان چییە و واتای ڕستەکان بە گشتی لێکبداتەوە.

دەتوانرێت زمانە زیادکراوەکان لەمڕۆوە بەکاربهێندرێت، بەڵام چەند ڕۆژێکی پێ دەچێت تا بۆ تەواوی بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهاندا بەردەستدەبێت.

ئەمە مانای چییە بۆ زمانی کوردی؟
چەند ساڵێک لەمەوپێش وەرگێڕی مایکرۆسۆفت زمانی کوردی زیادکردووە و لەو کاتەوە دەتوانیت ڕاستەوخۆ وەرگێڕان بۆ کوردی و بە پێچەوانەوە بکەیت لە ناو هەموو پلاتفۆڕمەکانی مایکرۆسۆفتدا، بە تایبەت لەناو بەرنامەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیسدا ڕاستەوخۆ دەتوانیت تێکستەکانت لە کوردییەوە وەربگڕێیت بۆ زمانێکی تر.
بێگوومان بە زیادکردنی زمانی کوردیش بۆ وەرگێڕی گووگڵ ئیتر دەتوانین بڵێین تەکنەلۆژیا بە کوردی دەدوێت. ڕاستەوخۆ دەتوانیت هەموو ماڵپەرەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت بە زمانی کوردی ببینیت، دەتوانیت بە شێوەیەکی خۆکار ژێرنووسی کوردی بۆ هەموو ڤیدیۆکانی یوتوب دابنێیت.

خاڵێكی تر کە ئاماژەی پێ بدەین ئەوەیە کە زیادکردنی زمانی کوردی بۆ گووگڵ هەوڵی تاکەکەسی هیچ کەسێک نییە، بەڵکو لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەزاران خۆبەخش کاریان تێدا کردووە و گووگڵ لە بڵۆگێکی خۆیدا ئاماژەی بە ناوی پێنج لەو خۆبەخشانە کردووە کە زۆر چالاک بوون لەم پڕۆسەیەدا، ئێمەش لێرەوە دەستخۆشی لەوان و هەموو ئەو خۆبەخشانەی تریش دەکەین.