Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2020-06-17 - 07:33

هێرشی ئەلەکترۆنی بۆسەر وێبسایتەکان

سەلمان

هێرشی ئەلەکترۆنی بۆسەرسایتەکان یەکێکە لەو ڕێگایانەی کە بەکاردێت بۆ لەکارخستنی سایتەکان بۆ ئەوەی بەکارهێنەران نەتوانن بیانکەنەوە.

هێرشی ئەلەکترۆنی چەند جۆرێکی هەیە لەوانە (UDP Ddos Attack on layer 4) و (HTTP Application Layer attack) و (Cross Site scrip XSS) و (Injection Flaw) و کۆمەڵێکی تریش. مەبەست لە هەموو ئەم هێرشانە وەستاندن و لەکارخستنی وێبسایتەکانە.

ماوەیەکە زۆربەی وێبسایتە کوردییەکان لەژێر کاریگەری هێرشێکی ئەلەکترۆنی زۆردان بە شێوەیەکی گشتی و ئەوسایتانەی کە سەردانیکەرێکی زۆریان هەیە بەتایبەتی. بە تایبەتیتریش لەو کاتانەی کە بانگەشەی هەڵبژاردن یا هەواڵێکی گرنگ بڵاودەکرێتەوە. ئەم هێرشانە وا لە سایتەکان دەکات نەکرێنەوە یان زۆر بەخاوی بکرێنەوە، بەمەش کێشە بۆ خاوەن سایتەکان دروستدەکات و پێویست دەکات کە کۆمەڵێک پرۆسەی زۆر ئەنجام بدەن بۆ دووبارە بەگەڕخستنەوەی سایتەکە.

چۆن ئەم هێرشانە ئەنجام دەدرێن؟

هێرشەکان چەندین جۆرن، لێرەدا ئاماژە بە چەند جۆرێکیان دەدەین. لەڕاستیشدا هەندێک لەو هێرشانە زۆر لەوە ئاڵۆزترن کە ئێمە لێرەدا باسی لێوەدەکەین.

هێرشکردن لە یەک کۆمپیوتەر یا لە یەک شوێنەوە کاریگەی نابێت بۆ پەکخستنی وێبسایتێک، بەڵکو پێویستی بە سەدان یا هەزاران ئامێرە لەیەک کاتدا هێرش بکەنە سەر ئامانجەکە.
بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە کۆمەڵێک گروپ و تاقمی جیاواز هەن لە جیهاندا کە کاریان ئەمەیە و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەند سکریپت و ڤایرۆسێک کۆمەڵێک سێرڤەر و کۆمپیوتەری زۆر کۆنترۆڵ دەکەن کە خاوەنی کۆمپیوتەرەکان بێئاگان لە توشبونیان بەم جۆرە ڤایرۆسە، ئەم کۆمپیوتەرانە بەتەواوی ئەکەونە ژێر کۆنترۆڵی هێرشکەرەکان، هەرکاتێک بیانەوێت لەو کۆمپیوتەرە توشبوانەوە هێرش دەکەنە سەر وێبسایتی مەبەست.   

هێرشکەرەکان لە ڕێگەی ئەو ئامێرە توشبوانەوە لۆدێکی زۆر دەخەنە سەر سایتەکە ئەویش بە داونلۆد کردنی بەشێک لە سایتەکە بەشێوەیەکی بەردەوام، یا کردنەوەی پەڕەکانی سایتەکە بەشێوەیەکی زۆر خێرا کە ئەمەش دەبیتە هۆی پڕبوونی باندی سایتەکە (Bandwidth)، یا دەبێتەهۆی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی سێرڤەرەکە وەک CPU و RAM بەمەش سێرڤەرەکە لەکار دەکەویت و سایتەکە ناکریتەوە.

لەم وێنە ڕوونکردنەوەیەی خوارەوە (MRTG Diagram) دەبینین کە چۆن لە پڕ لۆدی سەر سایتەکە زیادی کردووە. ئەمە نیشانەی بوونی هێرشە.

ئەو گروپ تاقمانەی کە ئەم کارەدەکەن لەڕێگەی فەیسبووک و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان پەیجیان کردۆتەوە و لەوێوە لەگەڵ کڕیارەکانیان ڕێکدەکەون لەسەر نرخ و کاتی هێرشکردن و گورزی هێرشەکە، دیارە تا کات و گورزی هێرشەکە زیاتر بێت ئەوا نرخەکەشی زیاتر دەبێت. هەندێک جار بە گورزی 2-3 Gbps هێرش دەکرێت، هەندێک جاریش ڕەنگە بگاتە 60 Gbps.

زیاترین هێرش لەو ووڵاتانەوە دەکریت کە یاسا تێیدا لاوازە و کۆنترۆڵی تۆری ئینتەرنیت نیە لە ووڵاتەکەدا لەوانەش: بەڕازیل، سلۆفاکیا، ئەستۆنیا، تایلەند، تورکیا، چین، عیراق. لەڕووی یاساییەوە ئەم کارە نایاساییەو ئەوانەی ئەم کارە دەکەن ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە.

هۆکاری ئەم هێرشانە چیە؟ یا با بڵێن بۆ هێرش بەو شێوە زۆرە دەکرێتە سەر وێبسایتی کوردی بەتایبەتی بەڵام سایتە جیهانییەکان بەوشێوە زۆرە هێرشیان لەسەر نیە؟
هەموو جیهان لەم کاتەدا بەدەست ئەو هێرشانەوە دەناڵێنن بەپێ ڕاپۆرتی ساڵانی پێشووی گەورە کۆمپانیای سکیورتی AKAMAI ڕێژەی هێرشەکان بۆ سەر وێبساتەکان لەسالێ ٢٠١١ وە ڕووی لەزیاد بوون کردووە بەڵام لەساڵی ٢٠١٣ کەمێک بەرەو باشترڕۆیشتوە. وێبسایتە کوردییەکانیش بەدەر نین لەم هێرشانە و ڕۆژانە هێرشێکی زۆریان لەسەرە بە تایبەتی ئەو وێبسایتانەی کە هی دەزگا رۆژنامەوانیەکانن وسەردانیکەریان زۆرە.

لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە و پێویست بە لێکۆڵینەوە و دیراسەی زۆر وورد دەکات. بەهۆێ ئەوەی بەشێکە لە کاری ڕۆژانەم هۆکارەکان بۆ ئەم خاڵانە ئەگەڕێنمەوە:

١. ململانێی میدیاکان و هەوڵدان بۆ تێکدان و داخستنی سایتە ڕکابەرەکانیان

٢. هەوڵدان بۆ تێکدانی سایتەکان لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی سیکوریتی بۆ کردنەوەی بازاڕی زیاتر بۆ خۆیان

٣. ململانێی سیاسی نێوان حیزبەکان و ووڵاتەکان بۆ پەکخستنی میدیاکان

٤. نەبوونی کۆنترۆڵ و سیستمی بەرگری لەلایەن کۆمپانیاکانی دابینکەری ئینتەرنیت

٥. بڵاوبوونەوەی بەرنامەی زۆری نایاسایی (کراک کراو) لە بازارەکانماندا و بەنرخێکی زۆر هەرزان. کراکی ئەم بەرنامانە پڕن لە ڤایرۆس و بەرنامەی نەخوازراو (Malicious Software). 

٦. نەبوونی هوشیاری لای بەکارهێنەکان کە هیچ جۆرە دژەڤایرۆس و بەرنامەی بەرگری بەکارناهێنن. هەروەها سەردانیکردنی کۆمەڵێک سایتی نایاسایی و سایتە پۆرنەکان کە دەبیتە هۆی ئەوەی ڤایرۆس و ماڵوێر بچیتەناو ئامێرەکانیانەوە، پاشان لەلایەن هاکەر و هێرشبەرەکانەوە کۆنترۆڵ دەکرێت بۆ هێرشکردنەسەر سایتەکان.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی مایکرۆسۆفت کە لە سالێ ٢٠١٢ کراوە  Microsoft Security Intelligence Reportبۆ زانینی ڕێژەی ڤایرۆس و ماڵوێر و بەرنامەی نەخوازراو لە عێراق دەرکەوتوە کە عێراق چوار هینەدەی جیهان ڤایرۆس و ماڵویریان تێدایە وەک لە خشتەکەی خوارەوەدا دیاری کراوە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵانەی کە لەسەرەوە باسم کردوون.

خۆپاراستن و چارەسەر

بۆ خاوەن سایتەکان پێویستە Firewall و سیستمی بەرگری پێشکەوتوو بەکار بهێنن بۆ ڕێگاگرتن لەو هێرشانەی کە دەکرێن. ئەو سیستمانە هەرزان نین و پێویستە بودجەیەکی باش و کادری تەکنیکی شارەزای بۆ دابین بکرێت.

لێکۆڵینەوەی تەواو بکرێت لە جۆر و شوێنی ئەو هێرشانە تا ڕێگە لە هێرش کردنەکە بگیرێت. هەندێک جار هێرشکەرەکان ڕێگا و جۆری زۆر نوێ بەکار دەهێنن بۆ هێرشکردن کە رێگەگرتن لێیان ئاسان نیە.

بەکارهێنەکانیش پیویستە دژەڤایرۆسی کاریگەر بەکاربهێنن و باشتر وایە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو کڕدرابێت چونکە دژە ڤایرۆسە خۆڕاییەکان زۆر کاریگەر نین. باشتریش وایە کە تەنها دژە ڤایرۆس نەبێت بەڵکو هاوکات پارێزەریش بێت لە ئینتەرنێت (Internet Security). واتە ڤایرۆس و ماڵوێر و ئادوێر و بەرنامە و سکریپتی نەخوازراو بگرێت و دیواری ئاگرین Firewall ی تێدابێت بۆ پارستنی کۆمپیوتەرەکە.

یەکێک لە هەرە خاڵە گرنگەکان بەکارنەهێنانی بەرنامەی کراک کراوو دزراوە کە زۆربەی ئەم کراکانە سکرپتی نەخوازراوی تێدایە بۆ مەبەستی جاسوسی و دزینی زانیاری و ژمارەی بانکی و هاککردنی کۆمپیوتەرەکان. لەبەر ئەوە هەوڵبدە سوفتوێرەکانت لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بکڕیت.