Contact numbers:

+964 773 157 0666

+964 751 886 5258

+964 780 002 5353

2021-09-21 - 12:28

ئەندازیاری کۆمەڵایەتی چییە؟ تەکنیکە باوەکانی کامانەن؟

Hawre Kamal

زۆربەی تاوانبارە ئەلیکترۆنی و هاکەرەکان مامۆستای ڕازیکردن و هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤن پێش ئەوەی شارەزای هاک و تەکنەلۆژیا بن، چونکە ئەگەر کەسێک تێپەڕەوشەی خۆییت بداتێ زۆر ئاسانترە لەوەی هەوڵبدەیت تێپەڕەوشەکەی هاک بکەیت، ئەمە بیرۆکەی ئەندازیاری کۆمەڵایەتییە. کەواتە با بزانین ئەندازیاری کۆمەڵایەتی چییە؟ و تەکنیکە باوەکانی کامانەن؟ و چۆن خۆمانی لێبپارێزین؟ 

بە گشتی پاراستن و سیکیوریتی واتە متمانە بە کێ و بە چی دەکەیت، گرنگە بزانیت کە کەی متمانە بە کەسێك دەکەیت و چۆن دەزانیت کە ئەو کەسە بەڕاستی خۆیەتی، هەمان شت بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەکانیش ڕاستە، کەی متمانە بە وێبسایتێک دەکەیت کە ڕاستەقینەیە و بەڕاستی دەتوانیت زانیارییەکانی خۆتی لەگەڵ بەش بکەیت.

ئەندازیاری کۆمەڵایەتی بریتیە لە کۆمەڵێک تەکنیک بۆ کارتێکردن و هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤ کە وا لەو مرۆڤە دەکات بە دەستی خۆی و بێ ئەوەی ئاگای لێبێت زانیارییە گرنگ و نهێنییەکانی خۆی بدات بە دەستەوە. واتە بە پێچەوانەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ترەوە کە تەرکیز دەخەنە سەر خاڵی لاوازی سیستەم و نێتۆڕک و ئامێرەکان، ئەندازیاری کۆمەڵایەتی خاڵە لاوازەکانی مرۆڤ دەکاتە ئامانج بۆیە زۆرجاریش بە هاککردنی مرۆڤ ناودەبرێت.


وەک زۆربەی جۆرەکانی کارتێکردن و هەڵخەڵەتاندن، ئەندازیاری کۆمەڵایەتیش لەسەر بنچینەی متمانە دروست دەبێت، متمانەیەکی هەڵە. دوای ئەوەش ڕازیکردن دێت، بە شێوەیەکی گشتی چوار قۆناغمان هەیە لە هەر هێرشێکی ئەندازیاری کۆمەڵایەتییدا:

١. کۆکردنەوەی زانیاری: گەڕان بەدوای وردەکارییەکانی قوربانی لە سۆشیاڵ میدیا و ئیمەیڵ.

٢. دروستکردنی متمانە: نزیکبوونەوە لە ئامانجەکە بە ناسنامەیەکی ساختە و نیشاندانی زانیارییە کۆکراوەکان بۆ بڕواپێکردن.

٣. قۆستنەوە (هێرش): بەکارهێنانی تەکنیکی ڕازیکردن بۆ دەستکەوتنی وشەی نهێنی یان زانیاریی دارایی.

٤. کۆتاییهێنان: پچڕاندنی پەیوەندی و ونبوونی هێرشبەرەکە دوای بەدەستهێنانی داتاکان.

نیشانەکانی هێرشی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی
دەکرێت ئەندازیاری کۆمەڵایەتی لە هەموو شوێنێک ڕووبدات ئۆنڵاین بێت یان ئۆفڵاین، بە پێچەوانەی هێرشە ئەلیکترۆنییە باوەکانەوە کە بە نهێنی و بێ ئەوەی تێبینی بکەیت ڕوودەدەن، هێرشی ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکان ڕاستەوخۆ لەبەر چاوی خۆتدا ڕوودەدەن.


نامەی گوماناوی لە کەسی ناسراوەوە: هێرشبەر خۆی وەک هاوڕێ، بەڕێوەبەر، یان بانکەکەت نیشان دەدات و لینکێکی زیانبەخشت بۆ دەنێرێت.
یاریکردن بە سۆز:
بەکارهێنانی ترس، توڕەیی، یان بەزەیی بۆ ئەوەی بێ بیرکردنەوە بڕیار بدەیت.
دروستکردنی هەستی پەلەپەل:
وات لێدەکەن وابیربکەیتەوە کە دەبێت "ئێستا" زانیاری بدەیت یان بەرنامەیەک دابەزێنیت، ئەگەرنا تووشی کێشە دەبیت.
خەڵات و ئۆفەری خەیاڵی:
وەک بردنی یانسیب یان دیارییەک کە داوات نەکردووە و زۆر لە ڕاستی ناچێت.
پێشنیاری یارمەتیی داوانەکراو:
پەیوەندیکردن وەک تیمی پشتگیری تەکنیکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک کە خۆت داوات نەکردووە، بە مەبەستی چوونە ناو سیستمەکەت.
خۆدزینەوە لە ناسنامە:
ئامادەنەبوونی لایەنی بەرامبەر بۆ سەلماندنی کەسایەتیی خۆی (بۆ نموونە: ڕەتکردنەوەی پەیوەندی ڤیدیۆیی).


وەک زۆربەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان، ئەندازیاری کۆمەڵایەتی شێوە و تەکنیکی زۆرە و بەردەوام لە گەشەسەندان، ئەمانە هەندێکن لە جۆرە باوەکانی:

١. سکەیروێر/Scareware: ئەم جۆرە هێرشە ترس وەک چەک بەکاردێنێت؛ لە ڕێگەی ئیمەیڵ یان پەنجەرەی هەڵتۆقیو (Pop-up) ئاگادارت دەکاتەوە کە ئامێرەکەت ڤایرۆسی تێدایە. پاشان داوات لێدەکات بە پەلە "بەرنامەیەکی چاکسازی" دابەزێنیت، کە لە ڕاستیدا بەرنامەکە خۆی ڤایرۆسە و بۆ دزینی زانیارییەکانت دروستکراوە.

٢.هاککردنی ئیمەیڵ و سپامی پەیوەندییەکان: سروشتی مرۆڤ وایە کە گرنگی بە نامەی ئەو کەسانە دەدات کە دەیانناسێت، ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەمە زۆر باش دەزانن، بۆیە دەست بەسەر ئیمەیڵەکانیاندا دەگرن و تەکنیکەکانی فیشین بەکاردێنن.

٣.تەیڵگەیتین/Access Tailgating: جۆرێکە لە ئەندازیاری کۆمەڵایەتی کە کەسەکە بە شێوەیەکی فیزیکی شوێنت دەکەوێت و لە ڕێگەی تۆوە دەستی دەگات بە نێتۆڕک یان ئامێرەکانی دامەزراوەیەک، بۆ نموونە بۆکسێکی گەورە لە باوەش دەگرێت وا نیشاندەدات دەستی گیراوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەنجەمۆرەکەی تۆوە بچێتە ژوورەوە.

٤. فیشینگ/Phishing: ڕێگەیەکی باوە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و داتا لە ئامانجێکی بێئاگا، بە شێوەیەکی گشتی ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکە نامەیەک دەنێرێت بۆ ئامانجەکەی وەک دامەزراوەیەک یان کەسێکی تر خۆی نیشاندەدات و داوایەکی لێدەکات، وەک سەلماندنی ئیمەیڵەکەی خۆی یان دابەزاندنی بەرنامەیەکی دیاریکراو. شایەنی باسە فیشینگ چەند شێوە و جۆرێکی جیاوازی هەیە.

سپام فیشینگ: ناردنی نامەی ساختە بە کۆمەڵ بۆ ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک.
سپێر فیشینگ: هێرشێکی ورد و دەستنیشانکراو بۆ سەر کەسایەتییەکی دیار یان کۆمپانیایەک.
ڤیشینگ (Vishing): فێڵکردن لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی یان دەنگییەوە.
سمیشینگ (Smishing): هێرشکردن لە ڕێگەی نامەی دەقییەوە (SMS).
ئیمەیڵ فیشینگ: باوترین جۆرە کە لە ڕێگەی ئیمەیڵی ساختەوە ئەنجام دەدرێت.
لینک فیشینگ: ناردنی لینکێکی دەستکاریکراو کە ڤایرۆس یان لاپەڕەی ساختەی تێدایە.
سێشن فیشینگ: داواکردنی چوونەژوورەوەی دووبارە (Login) لە کاتی بەکارهێنانی پلاتفۆڕمێک بۆ دزینی هەژمارەکەت.



لە نموونەی فیشینگدا لەوانەیە ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکە خۆی وەکو دامەزراوەی بانکەکەت نیشانبدات و دوات لێبکات کلیک لە لینکێک بکەیت و لەوێ بچیتە ژوورەوە بۆ هەژمارەکەت، ئەوانەی کلیک لە لینکەکە دەکەن دەیانبات بۆ ماڵپەڕێک کە هاوشێوەی ماڵپەڕە ئەسڵیەکەیە، بەم شێوەیە کاتێ تۆ زانیارییەکانی خۆت داخڵ دەکەیت ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکەوە.


٥.دی ئێن ئێس سپوفینگ: کە بە هەمان شێوە بە ژاهراویکردنی کاشیش ناسراوە، کاتێک ڕوودادەت کە دەستکاری بڕاوسەرەکە دەکرێت و بەکارهێنەرەکانی ئاڕاستەی وێبسایتێکی زیانبەخش دەکرێن. لە ساڵی ٢٠١٨ لەم ڕێگەیەوە بڕی ١٧ ملیۆن دۆلار بیتکۆین لە بەکارهێنەرەکانی ماڵپەڕی MyEtherWallet دزرا.

٦.فریودان/Baiting: ئەم جۆرە بە زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوودەدات کاتێک کەسێک داوات لێدەکات ڤیدیۆیەک یان پارچەیەک مۆسیقا داونڵۆد بکەیت کە بە نهێنی ڤایرۆسەکەی پێوە لکێنراوە. یان لەوانەیە ئەندازیارەکە لە شوێنێکی گشتییدا USBییەک بەجێبهێڵێت کە ئەویش ڤایرۆساوییە و هەرکەسێک ئەو فلاشە بدات لە ئامێرەکەی خۆی یەکسەر ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە بۆ سەر ئامێرەکەی.

٧.کەلێنی فیزیکی
: لەوانەیە ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکە خۆی وەک شارەزایەکی ئای تی نیشانبدات و بڕوات بۆ دامەزراوەیەک بۆ چاکردنەوەی ئامێری کارمەندەکان بەمەش بە تەواوی دەسەڵاتی دەبێت بەسەر ئامێرەکاندا دەتوانێت بەرنامە چاودێرییەکانی خۆی لەسەر دابنێت.

٨.هەڵبەستنی چیرۆک: ئەندازیارە کۆمەڵایەتییەکە خۆی چیرۆکێک دروستدەکات کە دەزانێت دەبێتە جێگەی سەرنجی ئامانجەکەی، کاتێک ئامانجەکەش بوو بە تەڵەکەوە ئەندازیارەکە هەوڵدەدات هەڵیبخەڵەتێنێت و زانیارییە مەبەستەکانی دەستبکەوێت.



چۆن خۆت لە هێرشەکانی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی دەپارێزیت؟
باشترین بەرگری و خۆپاراستن لە دژی ئەم هێرشانە پەروەردەکردن و هۆشیاکردنەوەی خۆتە لە هێرش و نیشانەکانیان تاوەکو بە ئاسانی بیانناسیتەوە، هەروەها ئەم ڕێنماییانەش لەبەرچاوبگرە: 

کاتێک ئینتەرنێت بەکاردەهێنیت: یەکەم خاڵی بەرگری خۆتیت لە ئەندازیاری کۆمەڵایەتییدا بۆیە ئاگاداری ئەم خاڵانە بە:
- لینکێک مەکەرەوە کە خۆت داوات نەکردووە.
- زانیارییە کەسییەکانت زۆر بڵاومەکەرەوە.
- وریای ئەو هاوڕێیانەت بە کە تەنها لە ئینتەرنێتدا دەیانناسیت.
- نیشانەکانی ئەندازیاری کۆمەڵایەتی بناسەوە.


ئامێرەکانت پارێزراوتر بکە
- ئامێرەکەت بە کراوەیی بەجێمەهێڵە.
- بەرنامەیەکی دژە ڤایرۆس و پارێزگاری بەکاربهێنە (ئێمە پێشنیاری کاسپەرسکی دەکەین).
- بەردەوام بەرنامە و سیستەمەکانت نوێبکەوە بۆ تازەترین وەشان.