Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2021-05-18 - 08:39

کڕاک چیە؟ بۆچی نابێت بەرهەمی کڕاککراو بەکاربهێنی؟

Awa Fadhil

کڕاک بریتیە لە بەرنامەیەکی بچووک یان پەڕگەیەک بۆ بەدەستهێنانی بەرنامەیەک یان خزمەتگوزاری و بەرهەمێکی دیاریکراو کە بە شێوەیەکی خۆڕایی بەردەست نەبێت.

لە ڕێگەی كڕاکەوە دەتوانیت وشەی نهێنی هەژمارێكی ناخۆڕایی بەدەستبهێنیت، یان مۆڵەتی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەک، هەندێک لە جۆرە باوەکانی بەرهەمی کڕاککراو کە لە کوردستاندا کە زۆر بەکاردێن سیستەمی وەگەڕخەری ویندۆز و کۆمەڵە بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیسن، یان بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەدۆبی وەک فۆتۆشۆپ، ئافتەرئیفێکت، هتد...

ڕاستە لە کاتی بەکارهێنانی بەرهەمی کڕاککراودا هیچ پارەیەک نادەیت بەڵام کڕاک وەک تەڵەیەکی هەنگوینی وایە و نابێت بەرهەمی کڕاککراو بەکاربێنیت بە تایبەتی لە کۆمپانیا و دامەزراوە حکوومیەکاندا.

کێ کڕاک دروست دەکات؟ لەوانەیە ئەو وەڵامە باوەی گوێت لێبووە ئەوە بێت کە هاکەرەکان بەرنامە کڕاک دەکەن، بەڵام زۆربەی کات کڕاک لەلایەن تیمی تایبەندمەندەوە دروستدەکرێت کە لەوانەیە بۆ مەبەستی سیخوڕی بەکاربهێندرێت لەلایەن حکوومەتەکانەوە، یان بۆ دەستکەوتنی زانیارییە نهێنی و تایبەتییەکانت وەک پاسپۆرت و وشە نهێنییەکانت، یان لەوانەیە بۆ دزینی پارە بەکاربهێندرێت.

 

 

بۆچی نابێت بەرهەمی کڕاکكراو بەکاربێنیت؟

 

-پارێزگاری و سیکیوریتی: تۆ نازانیت بەرنامەی کڕاککراو لە کوێوە هاتووە و چی گۆڕانکارییەکیان تێدا کردووە، بۆیە بە بەکارهێنانی تۆ بەدەستی خۆت زیانەواڵەیەک دێنیتە ناو سیستەمەکەتەوە، دەکرێ هەر ڤایرۆس و بەرنامەیەکی زیانبەخشی تێدا بێت، کاتێک فایەروەڵ و دژەڤایرۆسەکەت ناچالاک دەکەیت بۆ ئەوەی بەرنامە کڕاککراوەکە دەمەزرێنیت وەک ئەوە وایە بۆخۆت کامێراکانی ماڵەکەت بکوژێنیتەوە و دزێک بەریتە ژوورەوە، دواتریش گلەیی ئەوە بکەیت کە دزیت لێکراوە.

 

-نایاسایی: کڕاک واتە بەکارهێنانی شتێک کە پارەکەیت نەداوە! ئەمەش لە یاسادا بە دزیکردن هەژماردەکرێ و ئەگەر بگیرێیت ئەوا دەبێ باجێکی زۆر بدەیت بە تایبەت بۆ کۆمپانیا و دامەزراوە حکوومیەکان دەگاتە ملیۆنان دۆلار، یان لەوانەیە بە شێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی لە بەکارهێنانی ئەو بەرهەم و خزمەتگوزارییە باند بکرێیت و زیانێکی زۆر زیاترت پێبگات.

 

-نائەخلاقی: ئەگەر لە ڕووی مۆڕاڵ و ئیتیکیشەوە سەیری بکەین ئەوا بەکار‌هێنانی شتێک بەبێ ڕەزامەندی خاوەنەکەی کارێکی نائەخلاقیە و دەتوانین وەک دزیکردن سەیری بکەین.

 

-تازەکردنەوە: بە بەکارهێنانی وەشانی کراککراوی بەرهەم و خزمەتگوزارییەک لە زۆر تایبەندمەندی بەرنامەکە بێبەش دەبیت لەوانە ئەو تایبەندمەندییانەی بەرنامەکە کە سەرهێڵن بۆ نموونە لە بەرنامەکانی ئەدۆبیدا وەک تایبەندمەندی کرەیتڤ کڵاود، خاڵێکی تر ئەوەیە کە هیچ ئەبدەیت و تازەکردنەوەیەکت لەو بەرهەمەوە پێناگات ئەمەش لەوانەیە تووشی کێشەی گەورەت بکات.

 

-نەبوونی پاڵپشتی: خاڵێکی تریش ئەوەیە لە کاتی بوونی هەر کێشەیەکدا ناتوانیت پەیوەندی بکەیت بە تیمی پاڵپشتی بەرهەمەکەوە تا پێشنیارت بۆ بخەنە ڕوو و چارەسەرت بۆ بکەن.