Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2020-06-24 - 09:46

چۆنیەتی و تێچووی دروستکردنی وێبسایت

Avesta

دروستکردنی وێبسایت پێویستی بە سێ هەنگاوی سەرەکی هەیە. لە هەنگاوی یەکەمدا ناونیشانێک بۆ وێبسایتەکەت دیاری دەکەیت بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە سەردانیکەران و هەوادارەکان وێبسایتەکە بکەنەوە. پاشان جێگایەک بۆ هەڵگرتن و پاراستنی زانیارییەکانی وێبسایتەکە دیاری دەکەیت کە پێی دەوترێت هۆستینگ. لە کۆتاییشدا ڕوکارێک بۆ وێبسایتەکە پێویستە بۆ ئەوەی کە پاش کردنەوەی وێبسایتەکە لە ڕێگەی ناونیشانەکەوە زانیارییە هەڵگیراوەکانی سەر هۆستەکە لەناویدا نمایش بکرێن و لە ڕێگەیەوە گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدرێت.

ئەم سێ هەنگاوە پێویستیان بە شارەزاییەکی ئەوتۆ نییە لە زانستی تەکنەلۆجیدا و تەنها بە هەبوونی حیسابێکی بانکی ئەنجام دەدرێن. لەم بابەتەدا بە کورتی باس لە هەریەکە لەو هەنگاوانە دەکەین و ڕێنماییت دەکەین بۆ ئەوەی بە نرخێکی گونجاو وێبسایتێک دروست بکەیت.

                                              کڕینی دۆمەین یان ناونیشان
بەشێوەیەکی گشتی تێچووی کڕین یان بەکرێگرتنی ناونیشانێک ١٠ بۆ ١٧ دۆلارە بۆ ساڵێک. دەتوانیت بە حیسابی بانکی خۆت و لە ڕێگەی پۆرتاڵێکی تایبەتی ئاڤێستاگروپ (domains.avestagroup.net) دۆمەین یان ناونیشانێکی گونجاو بکڕیت یاخود سەردانی ئۆفیسی ئاڤێستاگروپ بکەیت بۆ کڕینی دۆمەینەکە بە پارەی کاش.

لە هەڵبژاردنی ناونیشانی وێبسایتدا باشتر وایە ئەم سێ خاڵە لەبەرچاو بگریت: 

١. با ناونیشانەکە تایبەت بێت بە خۆت و لە داهاتوودا بتوانیت مافی پاراستنی بۆ دابین بکەیت

٢. باشتر وایە ناونیشانەکە بە ئاسانی لەبەربکرێت و بەئاسانی بووترێت، واتە پێویستی بە نووسینەوە نەبێت بۆ ئەوەی بیرت بکەوێتەوە

٣. لە کۆتایی ناونیشانەکەدا نیشانەیەک هەڵبژێرە کە لەگەڵ ناوەڕۆکی وێبسایتەکەدا بگونجێت. بۆ نموونە نیشانەی (.org) بۆ وێبسایتی ڕێکخراوە و نیشانەی (.net) یان (.tv) بۆ کەناڵ و ڕاگەیاندنەکان

 

کڕینی هۆست

لە هەنگاوی دووەمدا بۆ دابین کردنی هۆست یان شوێنی هەڵگرتنی ناوەڕۆک و زانیارییەکانی وێبسایتەکە  پێویستە بزانیت زانیارییەکانت تاچەندە زۆر و تاچەندە گرنگن. بێگومان هەموو کەسێک زانیارییەکانی بەلایەوە گرنگن بەڵام مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە تاچەندە ئەو زانیارییانە تایبەتن و ئایا مەترسی هێرشکردنەسەر یان دزینیان لێ دەکرێت. بەم پێیە دەبێت هۆستێک بکڕیت کە جێگای متمانە بێت و گرەنتی پاراستن و ڕێگەگرتن لە مەترسییەکانی هێرشە ئەلەکترۆنییەکان بکات.

هەر لەم هەنگاوەشدا ئامانج و ڕوانینت بۆ وێبسایتەکە گرنگە و وێبسایتێک کە داواکاری و هەوڵی کردنەوەی زۆر بێت پێویستی بە هۆستێکی پێشکەوتوو بە هێزتر هەیە لە وێبسایتێکی بچووک یان شەخسی. بۆ نموونە سایتێکی ڕاگەیاندن وەکو خەندان یان ئێن ئار تی یان هەرسایتێکی دیکە کە سەردانی زۆر دەکرێن و بابەتی زۆر و هەستیار بڵاودەکەنەوە پێویستیان بە هۆستێکە کە توانای هەبێت زانیارییەکانیان لە شوێنە جیاوازەکانی جیهان و بە خێرایی بەردەست بکات.

لە ئاڤێستاگروپ خاوەن سایتەکان ئامۆژگاری دەکرێن بۆ دابینکردنی هۆست بۆ وێبسایتەکانیان مایکرۆسۆفت ئاژوور بەکاربهێنن چونکە گورزەیەکی گەشەسەندووی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە لە بواری  کڵاوددا. نرخەکانیش بە پێی هەڵبژاردنەکان دەگۆڕێت، بەجۆرێک کە بەشداربوو دەتوانێت بە پێی بەکارهێنان و بە گرەنتی بەردەستبوونی بەردەوامی زانیارییەکانی بە ڕێژەی ٩٩.٩٩٪ پارە دەدات.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر نرخەکان و هەڵبژاردنی پلانێک کە لەگەڵ ئامانجەکانی وێبسایتەکەت بگونجێت پەڕەی سەرەکی ئاژوور لە سایتی مایکرۆسۆفت بکەرەوە یان سەردانی ئۆفیسی ئاڤێستا گروپ بکە.

تێچووی دیزاین و گەشەپێدانی وێبسایت

بۆ دیزاین و گەشەپێدانی وێبسایت دوو ڕێگەی سەرەکی هەیە. یەکێکیان لە ڕێگای بەکارهێنانی کۆدەکانی HTML و CSS و بەرنامەی دیکە کە پێویستیان بە شارەزاییەکی زۆر هەیە لە بواری تەکنەلۆجیادا. ڕێگەیەکی دیکە بریتییە لە بەکارهێنانی سیستمە ئامادەکراوەکانی بەڕێوەبردنی وەکو وۆردپرێس و جوملە کە هەموو کەسێک دەتوانێت بە ئاسانی کاریان تێدا بکات و شارەزاییەکی ئەوتۆیان ناوێت.
ڕێگەی یەکەم: سیستمە ئامادەکراوەکان

ئێستا نزیکەی نیوەی هەموو سایتەکانی سەر تۆڕی ئینتەرنێت سوود لەم سیستمە ئامادەکراوانە وەردەگرن و لەو ژمارەیەش زیاتر لە نیوەیان پشت بە سیستمی وۆرد پرێس دەبەستن. دامەزراندن و کارپێکردنی ئەم سیستمەش بۆ بەڕێوەبردن و دانانی زانیارییەکانت لە سەر هۆستەکە کارێکی ئاسانە و بەخۆڕاییە. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانیت بە بەکارهێنانی حسابی بانکییەکەت تایبەتمەندی زیاتر بکڕیت و داوای وەرگرتنی پاڵپشتی بکەیت.

بەڵام ئەم سیستمانە وێبسایتی ئامادەکراون و بواری داهێنانیان کەمە. واتە ناتوانیت لەگەڵ ویست و ئارەزووی خۆت بیان گونجێنیت. هاوکات چەندین کێشەی دیکە هەیە کە وادەکات ئەم ڕێگەیە بۆ بزنسەکان هەڵبژاردەیەکی باش نەبێت.

ڕێگەی دووەم: گەشەپێدانی وێبسایت

ئەم ڕێگایە بە بێ بەرامبەر نییە و پێویستی بە ستافی شارەزاو تایبەتی هەیە. بەڵآم جیاواز لە سیستمە ئامادەکراوەکان لەم ڕێگایەدا پارچە و بەشەکانی وێبسایت لە بنچینەوە دروست دەکرێن و دەتوانرێت بەپێی پێویستی جاری دیکەش بەکاریان بهێنرێنەوە.

هەرچی تێچووی ئەم ڕێگەیە بە پێی داواکاری کڕیار و جۆر و تایبەتمەندییەکانی وێبسایتەکە دەگۆڕێت. هەروەها جۆری دیزاین و کاتی پێچوو بۆ دروستکردنی وێبسایتەکە گۆڕانکاری لە نرخدا دروست دەکەن. هەروەک چۆن یەک قیاسی جلوبەرگ بۆ هەموو کەسێک ناگونجێت، بەهەمان شێوەش وێبسایتەکان دەبێت بە بەری ئەو کارەدا بدورێن کە بۆیان تەرخان کراون. بە شێوەیەکی گشتی نرخی گەشەپێدانی وێبسایت لە ٥٠٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات و بەرەو ١٥ هەزار دۆلار بەرز دەبێتەوە.

گەشەپێدانی وێبسایت لە ئاڤێستا گروپ

لە ئاڤێستا گروپ متمانەمان هەیە کە دەتوانین خزمەتگوزارییەکی باشت پێشکەش بکەین. ئەم متمانەیەش پشت دەبەستێت بەو سەرکەوتنانەی لە ڕابردووداو بەیەکەوە لەگەڵ کڕیارەکانماندا بەدەستمان هێناوە. بۆ نموونە ساڵی ٢٠١٥ یەکەم و دووەم وێبسات لەسەر ئاستی عێراق ئاڤێستا گروپ کاری دیزاین و بەڕێوەبردنی هۆستی بۆ ئەنجام داون.