Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2020-06-17 - 12:01

٥ ڕێنمایی بۆ باشترکردنی ناوەڕۆکی وێبسایتەکەت

Avesta

ئینتەرنێت زەریایەکە لە زانیاری وبڕێکی زۆر لەم زانیارییانە لە سایت و بڵۆگەکاندا جێکراونەتەوە. بۆ دۆزینەوەی ئەم زانیارییانەش بەکارهێنەران سوود لە بزوێنەرەکانی گەڕان وەردەگرن. هەرکەسێک ئینتەرنێتی بەکارهێنابێت، تەنانەت بۆماوەی چەند کاتژمێرێکیش بێت، ڕێی کەوتووەتە یەکێک لەم بزوێنەرانە کە گوگڵ و بینگ و یاهوو لە دیارترینەکانیانن.

لەم بڵۆگەدا باس لەوە دەکەین کە چۆن ناوەڕۆکی وێبسایتەکانمان یارمەتیدەر بێت لە بەرەوپێش بردنی وێبسایتەکەمان و دەرکەوتنی لەپێش چاوی بزوێنەرەکانی گەڕاندا، لە ئەنجامیشدا ناساندنی کارو بزنسەکەمان.

زمانی سادە و ڕوون
تایتڵ یان سەردێڕی هەواڵ و بابەتەکان زۆر گرنگن بۆ دەرکەوتنی وێبسایتەکان لە ئەنجامەکانی گەڕاندا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناوەڕۆکی بابەتەکانیش گرنگی خۆیان هەیە. باشتر وایە لەجیاتی بەکارهێنانی ووشەی زانستی و ئاڵۆز گرنگی بە ڕوونکردنەوەی بابەتەکان بدرێت. بابەتێک کە بە زمانی ساکار و ڕوون نووسرابێت توانای نووسەرەکە دەردەخات و بزوێنەرەکانیش بۆ ناسینەوەی ئەم جۆرە بابەتانە ڕاهێنراون.

ئاساییە لە بواری تایبەتیدا چەند ووشەیەک لە زمانی زانستی بەکاربهێنیت، بەڵام با هەمیشە لەکاتی نووسیندا خوێنەر لە خەیاڵتدا بێت چونکە ئەو بابەتەی لە ئینتەرنێت بڵاوی دەکەیتەوە دەگاتە ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەر و بەدڵنیاییەوە هەموویان پسپۆڕ نین لەو بوارەدا کە بابەتەکەی لەسەر دەنووسیت. بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ بدە بە دەنگی بەرز بابەتەکەت بخوێنیتەوە و دڵنیابیت لە ڕوونی مەبەستەکانت و سروشتی بوونی زمانی نووسینەکەت.

بابەتی میوان
مەرج نییە ئەو بابەتەی کە دەینووسیت هەمووی بەرهەمی بیری خۆت بێت. لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە کاری کەسانی دیکە بە ناوی خۆتەوە بڵاوبکەیتەوە. بەڵکو دەتوانیت باس لە بابەتێکی نووسراو لە شوێنێکی دیکە بکەیت و ڕای جیاوازی خۆت لەسەری دەرببڕیت. هێنانی بابەتێکی نووسراو لە شوێنێکی دیکە و بڵاوکردنەوەی بەبێ دەستکاری یان بە دەستکارییەکی کەمەوە ئاستی سایتەکەت لە ڕیزبەندی سایتەکاندا دەهێنێتەخوارەوە. ئەم کارە سەرەڕای پێشێلکردنی ئیتیکی کاری نووسین سایتەکەت دەخاتە ژێر مەترسی لەدەستدانی متمانە و بزوێنەرەکانیش هەوڵدەدەن ئەم جۆرە سایتانە بناسنەوە و بڵۆکیان بکەن.

سەلیقە و هونەر
هەوڵبدە سایتەکەت لە مۆبایلەکانیشدا جوان دەربکەوێت. با بینینی بەشە گرنگەکان و دۆزینەوەیان ئاسان بێت. لاپەڕەی بابەتانیش پێویستە سەرنجڕاکێش بن و خۆماندووکردنی پێوە دیاربێت چونکە هەندێجار سایتی دیکە بابەت و زانیاری لە سایتەکەی تۆ وەردەگرن و بینەری زیاتری پێ کۆدەکەنەوە. تەنها بەهۆی ئەوەی کە باشتر و جوانتر بڵاوی دەکەنەوە.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بزوێنەرەکانی وەکو گوگڵ بەپێی پلەو ڕیزبەندی سایتەکان (rank) و بەپێی چەند پێوەرێکی دیکە پەڕە نوێکان دەدۆزنەوە و بەردەستیان دەکەن بۆ ئەنجامی گەڕانەکان. بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەتایبەت تویتەر ئەم کارە خێراتر دەکات.

بڵۆگ و زانیاری
بەشێک لە سایتەکەت تەرخان بکە بۆ نووسین و بڵاوکردنەوەی بڵۆگ و زانیاری. ئەم بڵۆگانە دەبنە هۆکارێک بۆ ڕاکێشانی خوێنەر و پاشان بینینی بەش و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی وێبسایتەکەت کە کاری سەرەکی بزنسەکەتن. لەبەرئەوە هەمیشە لە ڕێگەی بەستنەوەی ووشە پەیوەندیدارەکان لە بڵۆگەکاندا بە بەشەکانی دیکەی وێبسایتەکەتەوە هەلی بینینی ئەو بەشانە زیاتر بکە.
لە کۆتاییدا ناوەڕۆک و بابەتەکان دەبێت لەناو وێبسایتێکی سەلامەت و گونجاودا دابنرێن. ئەگەر بزنسێکی هەستیارت هەیە و پێویستت بە پاراستنی بەهێز و توانای زۆر هەیە نابێت خزمەتگوزارییەکی خۆڕایی و سادە بەکاربهێنیت. بۆ ئەم مەبەستە دەتوانیت بڵۆگی گەشەپێدانی وێبسایت لە ئاڤێستا گروپ بخوێنیتەوە..