Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2020-06-17 - 11:28

هاردوێری ساختە چییە و جۆرەکانی کاڵاکان کامانەن؟

Avesta

کڕینی هاردوێر وەکو کۆمپیوتەر و لاپتۆپ و پرنتەر و سێرڤەر و ئامێرەکانی تر پێویستی بەشارەزایی هەیە بەتایبەتی لە بازاڕیک کە کواڵتی کۆنترۆل تێیدا زۆر کەم بێت و چەندین براند و ناو و زاراوەی جیاواز دەبیستین. وەک ئەصلی، ئۆریجنال، نوێ، رێفیربش، بەکارهاتوو، دەستی دوو، عادی، تیجاری، و فەیک. یان کۆمەڵێکی تر لە زاراوەکان کە وادەکەن لە کڕیار ئاسان نەبێت ئەمانە لەیەک جیا بکاتەوە و بزانێت کام جۆرە بکڕێت باشە.

لێرەدا هەوڵ دەدەین کۆمەڵێک لەم زاراوانە شی بکەینەوە.

ئەصلی، ئۆریجناڵ Original 
ئەم ووشەیە واتە ئامێرەکە باوەرپێکراوە و لەکارگەکانی هەمان براند دروست کراوە لە ڕێگەی کەناڵی یاسایی Legal Channel ەوە هاتوە واتە لە کارگەکەوە هاتوە بۆ وەکیلێکی باوەڕ پێکراو و لەڕێگەی ئەوەوە دەفرۆشرێت. ئەم جۆرە گرنتی کارکردنی لەگەڵ دەدرێت وەک لە کەتەلۆگ یا تایبەتمەندی ئامێرەکەدا نوسراوە.

زانینی ئەوەی ئەم ئامێرە ئۆریجناڵە یان نا کارێکی زۆر قورسە. باشترین ڕێگا بۆ دڵنیا بوون ئەوەیە کە بزانیت ئەو شوێنەی کە لێی دەکڕیت وەکیلی فەرمی ئەو براندەیە و گەرەنتی کۆمپانیا و پاڵپشتی لەگەڵ بێت و ستافی شارەزا هەبێت کە بتوانێت پاڵپشتی ئامێرەکە بکات لەکاتی بوونی کێشەدا، گەر نا ئەگەری زۆرە کە ئامێرەکە یان چەند پارچەیەکی ساختەبێت.

 واتە ئەو ئامێرە نوێ نیە بەڵام نوێکراوەتەوە، نرخی ئەم جۆرە بەپێی ئامێرەکە کەمترە لە نوێ. ڕیفێربش مانای وانیە کە خراپە بەڵکو ئەکەوێتە سەر ئەوەی بەپێی بودجە و مەودای کارکردنەکە کام جۆرە باشترە بۆ کارەکەی تۆ. گەر بۆ پرۆژەیەکی بچوک بێت کە بودجە کەم بێت یا بۆ مەودایەکی دوور نەبێت ئەوا  ڕیفێربشی باوەڕپێکراو هەڵبژاردنێکی باشە. 

 

بە گشتی ٣ جۆر ڕیفێربش هەیە:
ڕیفێربشی باوەڕپێکراو  Manufacturer Certified Refurbish
ئەم جۆرە باشترین جۆری ریفێربشە کە تێیدا کۆمپانیای بەرهەمهێنی ئامێرەکە خۆی ئامێرەکۆنەکان وەردەگریتەوە یا ئەو ئامێرانەی کە پارچەیەکیان لەکارکەوتوە و دەیانگۆڕێت بە پارچەی نوێ. هەر لەناو کارگەکە خۆی تێست دەکرێت و گرنتی کارکردنی دەکرێت. پاشان دەکرێتەوە پاکەتی نوێ و دەخرێتەوە بازاڕ بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشرێت.

ئەم جۆرە بەڕواڵەت هەروەکو نوێ دەردەکەوێت و تەنها ئەوەیە کە لەسەر پەکەتەکی نوسراوە Refurbish. هەندێک کۆگا وەک نوێ دەیفرۆشێن بەخەڵک، هەندێک جاریش ئەو لەزگەیە لێدەکەنەوە کە نوسراوە ڕیفیربش و بە نرخی ئۆریجناڵ و نوێ دەدرێت بەکڕیارەکان. لەبەر ئەوە باشتر وایە کە لە وەکیلی ناسێنراوە بکڕدرێت نەک لە دوکانێک کە کەس نەزانێت ئامێرەکانی لە چ سەرچاوەیەکەوە هاتوە.

 

ڕیفێربشی نوێکراوەی لایەنی سێهەم  Third party refurbish
هەندێک کۆمپانیای تر بەدەر لەبەرهەمهێنەکە هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی ئامێرەکۆنەکان و خۆیان ئەو ئامێرانە پاک دەکەنەوە، گەر پارچەیەکی لەکارکەوتبوو دەیگۆڕن و دەیکەنەوە ناو پاکەت و دەیفرۆشنەوە. ئەم جۆرە پاکەتی ئەسڵی نییە و کەتەلۆگی لەگەڵدا نیە چونکە لەلایەن کۆمپانیایکی ترەوە کاری نوێکردنەوەی بۆ کراوە. ئەم جۆرە گرنتی کارکردنی کەمترە و نرخەکەی هەرزانترە. بەڕواڵەت ڕەنگە هەندێک شوخت و شوێنی بەکارهاتنیشی پیوە دیار بێت.

 

ڕیفێربشی نوێکراوە لەلایەن فرۆشیار Seller refurbish
ئەم شێوازە هەروەکو بەکارهاتوو(دەستی دوو) وایە. کاتێک کەسێک ئامێرێکی بەکارهاتوو پاک دەکاتەوە و رەنگە هەندێک پارچەی بگۆڕێت و جارێکی تر بیفرۆشێتەوە.

 

بەرهەمی رەساسی Gray Product
ئەم جۆرە مانای وایە کە ئامێرەکە ئۆریجناڵە بەڵام لەڕێگەی کەناڵی باوەرپێکراوە (وەکیل) ناکڕدرێت. زۆربەی ئەو ئامێرانەی دێنە کوردستان لەم جۆرەن. خراپی ئەم جۆرە لەوەدایە کە گرنتی و سەپۆرتی کۆمپانیای بەرهەمێنی لەگەڵ نیە. لە کاتی بوونی هەر کێشەیەک رەنگە بە ئاسانی چاک نەکرێت و پارچەی یەدەک و کەسی شارەزا بەردەست نەبێت بۆ چاککردنەوەی. هەروەها رەنگە سودمەند نەبیت لە هەندێک داشکاندن یا تایبەتمەندی کە کۆمپانیای بەرهەمهێن دەیدات بەکڕیارەکان. 

هەندێک کاتیش رەنگە ساختەی تێدا بکرێت پارچەیەک یا چەند پارچەیەکی دەرهاتبێت و پارچەی ساختەی بۆ دانرابێت بۆ کەم کردنەوەی نرخەکەی تا بەو نرخە کەمە کڕیاری زیاتر ڕابکێشن. لەبەر ئەوە نرخی زۆر کەم هەندێک جار جێی گومانە و باشتر وایە نرخەکەی بەراورد بکرێت لەگەڵ وێبسایتی کۆمپانیای بەرهەمهێن.

 

بەرهەمی ساختە Counterfeit
واتە ئامێرەکە لۆگۆ و براندی ئامێرێکی تری پێوە کراوە و لەراستیدا ئەو براندە نیە. ئەم نمونەیەش زۆرە لەبازاڕەکانی کوردستان کاتێک هەندێک ئامێری کواڵتی نزمی ساختە لە هەندێک ووڵاتی وەک چین و ئیماراتەوە دێن لۆگۆی ساختەی دەخرێتەسەر و بەنرخی ئۆریجناڵ دەفرۆشرێن. یاخود هەندێک جار قەپاغ و چوارچێوەکەی ئۆریجناڵە بەڵام ناوەڕۆک و پارچەکانی ناوی ساختەیە.
دەستنیشان کردنی ئامێری ساختە بەشێوەی بینینی ڕاستەخۆ دەبێت کاتێک کە چێکی کواڵتی بەرهەمەکە دەکرێت و بەراورد دەکرێت بە بەرهەمێکی ئۆریجناڵی هەمان براند. هەروەها گرنگە هەندێک جار سەیری ناوەڕۆکی ئامێرەکەش بکرێت و چێکی سیریاڵ نەمبەر و مۆدێل نەمبەر بکرێتەوە و بەراورد بکرێت بە وێبسایتی دروستکەری ئامێرەکە.

 

سەرەنجام
فرۆشیارێکی زۆر هەیە لەبازاڕدا و کۆمەڵێکی زۆر براند و جۆری ئامێر هەیە، ئامێرەکان لە چەندین سەرچاوەوە دێن بەپێی لێکۆڵینەوەکان زیاترین ئامێری ساختە و رەساسی لە ووڵاتانی چین و رۆژهەڵاتی ئاسیا و ووڵاتی ئیمارات (جەبەل عەلی) وە بۆ هەموو جیهان بڵاو دەبنەوە. ئەو ووڵاتانەی کە کواڵتی کۆنترۆل تیایاندا لاوازە دەبنە بازاڕێکی گەرم بۆ ساغ کردنەوەی ئەو کاڵایانە. 
گەر کڕیار مەبەستی بێت ئامێرێکی باش و بەکواڵتی بەدەست بهێنێت دەبێت ووریا بێت لە کڕینی ئەو ئامێرانەدا. تەنها چارەسەریش کە هەموو کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان جەختی لەسەر دەکەنەوە ئەوەیە کە لە وەکیلی باوەڕپێکراو ئامێرەکان بکڕیت. ئامێرەکان لەو سەرچاوە گومانکێکراوانەوە نەهاتبن کە باسمان کردن.