Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2020-06-17 - 08:44

هێمای "پارێزراو" لە گوگڵ کرۆمدا بۆ وێبسایتەکەت جێگیر بکە

Avesta

بۆ ئەوەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت پارێزراو بن، گوگڵ هێمایەکی بۆ براوزەری کرۆم داناوە کە ئاماژە بە پارێزراوی پەیوەندی وێبسایتەکان بە ئینتەرنێتەوە دەکات.
گوگڵ لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧ ـەوە ئەو لاپەڕانەی کە بە شێوازی (HTTP) پەیوەست دەبوون بە ئینتەرنێتەوە و پاسوۆرد یاخود حسابی بانکییان تێدا دەنووسرا بە "نەپارێزراو" دەستنیشان دەکرد. لە درێژەی هەمان پلانیشیدا، لە مانگی ڕابردووەوە هەموو ئەو لاپەڕانەی ڕێگەیان دەدا بەکارهێنەر تێکستیان تێدا بنووسن بە هەمان شێوە بە نەپارێزراو دەستنیشانیان دەکات.

پەیوەندی (HTTP) بە پەیوەندییەکی پارێزراو دانانرێت چونکە کاتێک وێبسایتێک دەکەیتەوە کە بە (HTTP) کاردەکات، کەسانی دیکە کە لەسەر هەمان تۆڕی تۆ کاردەکەن دەتوانن تەماشای ئەو زانیاریانە بکەن کە ناردوتە. بەڵام لەگەڵ (HTTPS) دا ئەمە ڕوونادات چونکە پەیوەندییەکانی نێوان بەکارهێنەر و سێرڤەری وێبسایتەکە تەشفیر دەکرێن (Encryption). پیتی "ئێس" لە کۆتایی (HTTPS)دا بە مانای پارێزراو (Secure) دێت.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی کۆمپانیای گوگڵ بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ئێستادا دەسبەرداری پەیوەندی (HTTP) بوون و ڕوویان کردووەتە (HTTPS)، بەکارهێنانی ئەم شێوازەش بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات.

گوگڵ ئاماژە بەوەشدەکات کە لە داهاتوودا بەشێوەیەکی تەواو ڕوون هەموو ئەو سایتانەی (HTTP)ن بە "نەپارێزراو" نیشان دەدات، بەڵام ئەم کارە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێدەکات چونکە بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتنی زۆری ئاگادارکردنەوەکان چاوی بەکارهێنەر ڕادەهێنێت و لە ئەنجامدا ئەو ئاگادارکردنەوانە پشتگوێ دەخەن.

بەڵام گوگڵ جەخت لە خاوەن وێبسایتەکان دەکاتەوە کە پێویستە چاوەڕوان نەبن و دەست بکەن بە گۆڕینی وێبسایتەکانیان بۆ (HTTPS). بۆ هاندانی زیاتریشیان، لە بڵاوکراوەیەکیدا ڕایگەیاندووە کە پلە یاخود (Rank)ی وێبسایتە پارێزراوەکان لە بزوێنەری گەڕانەکەیدا بەرزتر دەکاتەوە. بەمەش ئەگەری دەرکەوتنیان لە ئەنجامەکانی گەڕانی گوگڵدا زیاتر دەبێت.

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە تێچووی دانانی (HTTPS) لە ئێستادا لە هەموو کات کەمترە و ڕێکارەکانی ئاسانترن. لە ئەنجامیشدا خاوەن وێبسایتەکان سوودمەند دەبن چونکە ئەدای وێبسایتەکەیان باشتر دەبێت و بەهێزترین تایبەتمەندییەکانی ئینتەرنێت بۆیان بەردەست دەبێت.

پێوستە بەکارهێنەرانیش ئاگاداربن لەو سایتانەی کە بە HTTPS ناکرێنەوە و ژمارە وزانیاری نهێنی یاخود ژمارەی حسابی بانکی تێدا داخڵ نەکەن چونکە ئەگەری زۆرە کەسێک سیخوڕیبکات بەسەریەوە و ئەو زانیاریانە بدزێت. لەبەر ئەوە دەبێت پێش داخڵ کردنی زانیاری دڵنیابیت کە سایتەکە بە HTTPS دەکرێتەوە و هێمای قفڵێکی لەسەرەو رەنگی سەوزە. 

بۆ تێست کردنی هەر وێبسایتێک کە ئایا بە تەواوی پەیوەندیکردنەکەی پارێزراوە و (HTTPS) بەکاردەهێنێت ئەوا لە ڕێگەی ئەم سایتەوە دەتوانی تێستی بکەی:
https://www.ssllabs.com/ssltest/analyze.html

هەروەها ڤێرژنە نوێیەکەی براوزەری فایرفۆکسیش بەهەمان شێوەی گوگڵ کرۆمی لێکردوە. هەر سایتێک (HTTPS) نەبێت ئەوا هێمای ئاگادارکردنەوە نیشان دەدات کە سایتەکە پارێزراو نیە.
کۆمپانیای ئاڤێستا دەتوانێت سێرتیفیکەیتی باوەڕپێکراو بۆ سایتەکانتان دانێت و جۆری پەیوەندیەکانی بکات بە (HTTPS) بۆ ئەوەی وێبسایتەکەت ڕانکێکی باشتری هەبێت لە گوگڵدا و بەکارهێنەران دڵنیابن لە داخڵکردنی زانیاری بۆ سایتەکان.