Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2020-06-16 - 02:13

چیرۆکی سپام و ئیمەیڵی سپام

سەلمان

ووشەی سپام بۆ ئەو خواردنە لەقوتوونراوانە بەکاردەهات کە لە ساڵی ١٩٣٧ەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکی دروست دەکرا. دوای جەنگی جیهانی دووەمیش لە هەموو جیهاندا ناوبانگی دەرکرد. بەڵام لە دونیای کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتدا ئەم ووشە لە دوای ساڵەکانی ١٩٩٠ ناسێنرا و کەوتە بەکارهێنان.

لەوانەیە بپرسیت پەیوەندی خواردن و کۆمپیوتەر لە چیدایە کە ئەم ووشە پێکەوە گرێی داون. لە ڕاستیدا ئەم دوو بابەتە هیچ پەیوەندییەکیان بەیەکەوە نییە. بەڵکو هۆکاری بەکارهێنانی ووشەی سپام لە دونیای کۆمپیوتەردا دیاردەی هەراسان کردن و زیادەڕۆیی بانگەشەکردنە کە ڕووبەڕووی بەکارهێنەکانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت دەبێتەوە کە هەمان ئەو دیاردە لەسەر خواردنە لە قوتوونراوەکانی سپام نمایشکراوە. 

چیرۆکی ووشەی سپام

لە بەرهەمێکی شانۆییدا کە ساڵی ١٩٧٠ بەناوی مۆنتی پایسۆن - سپام نمایشکرا دوو کەس بەشێوەیەکی هونەری لە ئاسمانی خوادنگەیەکەوە دادەبەزنە خوارەوە. هەموو وەجبە پێشنیارکراوەکان بۆیان خواردنی سپامیان تێدایە و ئەم دووکەسە نازانن چۆن داوای خواردنێک بکەن کە سپامی تێدا نەبێت. بەم جۆرە شانۆییەکە بەردەوام دەبێت و دوو کەسەکە هەراسان دەکرێن تاوەکو ناچار بەرزدەبنەوە بۆ ئاسمان. 

مێژووی ئیمەیڵی سپام

یەکەمین ئیمەیڵی سپام ساڵی ١٩٧٨ لەلایەن بەشی بازاڕی کۆمپانیایەکی ئەمریکی نێردرا بەناوی Digital Equipment. هەرچەندە گێری سورک بەڕێوەبەری بەشەکە خۆی بە دا‌هێنەری بازاڕکردنی ئەلیکترۆنی دەزانێت بەڵام لەلایەن هەمووانەوە بە باوکی سپام ناسراوە چونکە ئەو کارەی ئەنجامیدا کە بریتی بوو لە ناردنی ئیمەیڵێکی چاوەڕوان نەکراو بۆ ٦٠٠ کڕیار ناڕەزایی و بێزاری کڕیارەکانی لێکەوتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی زانکۆی فێریس ئیمەیڵی سپام لە ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕی ١٠٠ ملیار دۆلار و لە ٢٠٠٩ بە ١٣٠ ملیار زیانی بە بزنسەکان گەیاندووە. بە پێی ڕاپۆرتێکی دیکەش بەرهەمەکانی دەرمانسازی وەکو ڤیاگرا و هاوشێوەکانی و بەدوایدا ئیمەیڵی بانگەشە بۆ هەلی کار و دەستکەوتنی پارەی خێرا و ئاسان زۆرترین بانگەشەیان بۆ کراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ ئیمەیڵە سپامەکان زیاتر لە ٨٠٪ی ئیمەیڵە نێردراوەکانیان پێکهێناوە.

 

هۆکاری گیرۆدەبوون بە سپام

سپامەر یان ئەو کەسانەی کە ئیمەیڵی سپام دەنێرن بە چەند شێوەیەک ئەم کارە ئەنجام دەدەن. هەندێکیان زانیاری و ئیمەیڵەکان لە ڕێگای پەڕەی تایبەت و ساختەوە کۆدەکەنەوە کە پێی دەوترێت فیشینگ (Phishing) و وای دەردەخەن سەربەشوێنێکی باوەڕپێکراوە وەکو سایتێکی بانکی یان دابینکەرێکی ئیمەیڵ.
هەندێک جاریش سپامەرەکان لە ڕێگەی کەسانی دیکەوە لیستی ئیمەیڵەکان دەکڕن کە کاریان کۆکردنەوەی زانیارییە تایبەتەکانە. یەکێک لەو ڕێگایانەش کە ئەم زانیارییە تایبەتانەی پێ کۆدەکرێتەوە ڤایرۆس و مالوێرەکانە لە ناو کۆمپیوتەرە توشبووەکاندا بە جۆرێک کە ٨٠٪ لە ئیمەیڵە سپامەکان بەم ڕێگەیە دەنێردرێن. لەبەرئەوە ئامۆژگاری هەمووان دەکەین بەرنامە و ئاپەکان بە ڕێگای یاسایی بەکاربهێنن و دووربکەونەوە لە کراک کردن و دابەزاندنی کۆپی نایاسایی بۆ کۆمپیوتەر و ئامێرەکانیان.

 

چارەسەر چییە؟
بۆ ئەوەی کە بەکارهێنەرەکانیان لە سپام پارێزراو بن کۆمپانیاکانی دابین کردنی ئیمەیڵ چەند سیستمێکیان داناوە کە ڕێگە لە ئیمەیڵە سپامەکان دەگرێت. ئەمەش بە پێدانی هەڵبژاردەیەک کە بەکارهێنەر دەتوانێت ئیمەیڵێک یان ئەو لایەنەی ئیمەیلەکەی بۆ ڕەوانەکردووە دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی کە چیتر بە سپام دابنرێت. بەڵام وەکو ئاشکرایە ئەم ڕێگایە بەتەواوی پێشگری لە سپام ناکات چونکە ئەو ئیمەیڵەی بەکارهێنەرێک پێی بێزارەو بە سپامی دادەنێت لەوانەیە بەلای بەکارهێنەرێکی دیکەوە ئیمەیڵێکی ماقوڵ و پەسەندکراو بێت.

هەمیشە کۆمپانیاکانی دابینکەری ئیمەیڵ بەکارهێنەکانیان ئاگادار دەکەنەوە کە پێش ئەوەی ئیمەیڵێک بە سپام دەستنیشان بکەن دڵنیابنەوە لەوەی کە ئایا ئەو ئیمەیڵە هەڵبژاردەیەکی تێدانییە لێی نووسرابێت (unsubscribe). چونکە ئەم ووشەیە ئاماژە بە تۆماربوونی ئەو بەکارهێنەرە دەکات لە لیستێکدا کە بە ویستی خۆی دانراوە بۆ ئەوەی لە نوێترین هەواڵ و ئۆفەرەکان ئاگادار بکرێتەوە. واتە بە لابردنی تۆماری ناوەکە چیتر ئیمەیڵی بۆ ڕەوانە ناکرێت.

جێگەی خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بە خزمەتگوزاری ئۆفیس ٣٦٥ بکەین کە یەکێک لە تایبەتمەندییە بە سوودەکانی بریتییە لە ڕێگری کردن بۆ ئیمەیڵی سپام. ئەم خزمەتگوزارییە چەندین فیلتەری تێدایە کە بە وردی و لە ڕێگەی ژمارەیەکی زۆری بەکارهێنەرو چاودێرەوە چارەسەری کێشەی سپام دەکات.