Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2020-01-16 - 11:28

ئایا فەیسبووک جێگەی وێبسایت بۆ بزنسەکەت دەگرێتەوە؟

Avesta

لە ماوەی ڕابردوودا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵێکمان لەسەر مایەپووچبوونی گەورە فرۆشگای "تۆیز ئاڕ ئەس" بڵاوکردەوە. لە پۆستەکەدا هۆکاری مایەپووچبوونی فرۆشگاکەمان بۆ نەبوونی وێبسایت گەڕاندەوە.

وەکو تەواوکەرێکی ئەو پۆستە و هەروەها بۆ وەڵامدانەوی سەرنجی بەڕێزێک لەسەر پۆستەکە، لەم بابەتەدا باس لە ڕۆڵی وێبسایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پێشخستنی بزنسەکان دەکەین.
بۆ ئەو مەبەستەش چەند خاڵێک بەشێوەی بەراورد دەخەینەڕوو:

- ئامانج لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بزنسەکەت چییە؟ ئەگەر بزنسەکەت نوێیە و تازە دەستبەکاردەکەیت، یاخود دەتەوێت خەڵک لە خۆت کۆبکەیتەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەیت، بەڵام هێشتا ناوەڕۆکێکی زۆرت نییە و تەنها دەتەوێت زانیاری بچووک بچووک بڵاوبکەیتەوە، ئەوا فەیسبووک بژاردەیەکی باشە بۆ تۆ. فەیسبووک بۆ ئەوە کراوە بابەتی بچووک و بەسوود و تەرفیهی تێدا بڵاوبکەیتەوە، خەڵکی بۆ ئەوە سەردانی فەیسبووک ناکەن کە بابەتی دوورو درێژ و پرۆفیشناڵ بخوێننەوە.

بۆ نموونە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەکی جوان و کورت لە فەیسبووک لەبارەی ئەوەی کە چۆن بیرۆکەی بزنسەکەت پێکەوەنا لایکی زیاتری بۆ دێت لەچاو ئەوەی لینکی ڤیدیۆیەک دانێیت کە زیاتر لە کۆنفرانسی هەواڵی دەچێت. بەڵام ئەگەر ناوەڕۆکێکی زۆرت هەیە و دەتەوێت بە شێوەیەکی پوخت و ڕێکخراو بیخەیتە بەرچاوی خوێنەرەکانت، یاخود دەتەوێت بەرهەمەکانت بۆ فرۆشتن بخەیتە پێشچاو، لەم حاڵەتانەدا باشترین بژاردە بۆ تۆ وێبسایتە.

لە وێبسایتدا هیچ شتێک سنووردارت ناکات لەوەی زانیارییەکانت چۆن ڕێکدەخەیت و بەسەر چەند بەشدا دابەشیاندەکەیت، یاخود چۆن بەیەکەوە گرێیان دەدەیت (لینکیان دەکەیت). 

لەکورتیدا وێبسایت ئەو شوێنەیە کە ناوەڕۆک و زانیارییەکانت لەخۆدەگرێت. هەرچی فەیسبووکیشە بۆ بڵاوکردنەوە و بانگەشە و موناقەشەکردن بەکاردەهێنرێت. ڕاستە دەتوانیت بەبێ وێبسایت و تەنها لە ڕێگەی فەیسبووکەوە بزنس و براندەکەت بناسێنیت، یاخود بە بێ ئەوەی پەیجی تایبەتت هەبێت بابەتەکانی وێبسایتەکەت لە فەیسبووک بڵاوبکەیتەوە. بەڵام باشترین بژاردە بەکارهێنانی هەردووکیانە بەیەکەوە.

- ئۆدیەنسەکەت کێیە؟ خەڵکانێکی زۆر فەیسبووکیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بڵێین هەموو کەسێک کە ئینتەرنێت بەکاردەهێنێت خاوەنی هەژماری فەیسبووکی خۆیەتی. ئەوانەش کە خاوەنی هەژماری فەیسبووکن مەرج بەکارهێنەرێکی بەردەوامی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتەییە بن. هەروەها هەرچەندە ژمارەی بەکارهێنەرەکانی فەیسبووک بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە بەڵام تەنها ئەو کەسانە فەیسبووک دادەنێن کە لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایتەییەکاندا ئاسوودەن و بەلایانەوە ئاساییە کەسایەتی و ناسنامەیان لە ئینتەرنێتدا ئاشکرابێت.

سەرەڕای ئەوەش بەکارهێنەرانی فەیسبووک عادەتەن لەسەر هەرشتێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتەییەکەدا بڵاودەکرێتەوە کۆمێنتیان هەیە و قسەی لەسەردەکەن. ئەگەر تۆ گومانت هەیە لەوەی کە دەتەوێت هەمووان لەسەر ئەو بابەت و ناوەڕۆکەی بڵاویدەکەیتەوە قسەبکەن ئەوا فەیسبووک بژاردەیەکی باش نییە بۆت چونکە پەیجێکی ستاتیک و ناچالاک لە فەیسبووک ناتگەیەنێت بە هیچ جێیەک. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەتوانیت لە وێبسایتدا بەشێک بۆ قسە و گفتوگۆ تەرخان بکەیت، لە ژینگەیەکدا کە بەتەواوەتی لە ژێر کۆنترۆڵی خۆتدایە.

 

- SEO و دەرکەوتن لە ئەنجامەکانی گەڕاندا، وێبسایتەکان ڕێگە خۆشدەکەن بۆ ئەوەی بزوێنەرەکانی گەڕانی وەکو گوگڵ لە ڕێگەی چەند ووشەیەکی دیاریکراوەوە بیاندۆزنەوە. ئەو ووشانە پێیاندەوترێت کلیلە ووشە (keyword) و پێویستە لە تەواوی ناوەڕۆکی وێبسایتەکەتدا بوونیان هەبێت. دەتوانیت بەپێی جۆری ناوەڕۆکەکان ئەو کەسانە دیاری بکەیت کە وێبسایتەکەت دەدۆزنەوە و شیکاری ئەم زانیارییانەش هەموو کاتێک لەبەردەستتدا دەبن.

هەرچەندە لە فیسبووکیشدا کلیلە ووشە هەیە و گرافی فەیسبووک دەتوانێت بیاندۆزێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا فەیسبووک بەپێی یاساکانی خۆی بڕیاردەدات کە پەیجەکەت چۆن و لەلایەن کێوە دەدۆزرێتەوە، هەرکاتێکیش بیەوێت یاساکانی دەگۆڕێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پەیجەکانی فەیسبووک لە ڕێگەی هاوبەشی پێکردن و پێشنیارکردنی فرێندەکانەوە بۆ یەکتری دەدۆزرێنەوە. فەیسبووک خۆی لەبنچینەدا بۆ ئەوە دیزاینکراوە کە گروپێک لە خەڵکی کە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە بە ئاسانی ئەو شتانە بدۆزنەوە کە تێیدا هاوبەشن. لەبەر ئەوەیە کە سروشت و پڕۆسەی دۆزینەوە لە فەیسبووکدا کەمێک لە بزوێنەرەکانی گەڕانی ئینتەرنێت جیاوازە.

ئەوەی لەم خاڵەدا باسکرا بەو مانایە نایەت کە وێبسایتەکان لە ڕێی فەیسبووکەوە شەیر ناکرێن، یاخود پەیجەکان لە گەڕانەکاندا دەرناکەون، بەڵکو بژاردەکە زیاتر لەنێوان بەرفراوانی (وێبسایت) و بەرتەسکیدایە (فەیسبووک).

گومان لەوەدا نییە قازانجکەری سەرەکی لە کردنەوەی وێبسایتەکەت لەلایەن سەردانکەرانەوە تۆیت، ئەگەر ئەو سەردانکەرانە پەیجی فەیسبووکەکەشت بکەنەوە، تۆ هەر قازانج دەکەیت، بەڵام لەمەیاندا فەیسبووک قازانجکەری سەرەکییە.

 

کورتهێنانەکانی فەیسبووک چین؟
کورتهێنان!؟ بەڵێ، تەنانەت سێهەمین وێبسایتی جیهانیش لە هەندێک شتدا کورتی هێناوە. تۆ لە فەیسبووکدا کڕیار نیت بەڵکو بەکارهێنەریت، لەبەرئەوە ناتوانیت گلەیی بکەیت و مافی سەپاندنی داواکارییەکانت نییە. ئەوەی فەیسبووک مەبەستیەتی، دڵخۆشکردنی خاوەن پشکەکانیەتی نەک بەکارهێنەرەکانی.

وێبسایتەکەی تۆ ئەو کورتهێنانانەی فەیسبووکی نییە چونکە تۆ دەتوانیت زانیارییەکان لە وێبسایتەکەتدا دابەش بکەیت بەسەر چەندین بەشدا کە سەیرکردن و خوێندنەوەیان ئاسانە. هەروەها دەتوانیت بە جۆرێک ڕێکیانبخەیت کە بانگەشە بۆ بزنسەکەی خۆت بکەن. لە ڕووی دیزاینەوە فەیسبووک پانییەکی کەمت پێ دەدات (تەنها ٥٢٠ پیکسڵ) بۆ ئەوەی کە زانیارییەکانت بخەیتەڕوو. بەڵام دەتوانیت داهێنەر بیت و وێبسایتەکەت بەجۆرێک دیزاین بکەیت کە لەگەڵ وێبسایتەکانی دیکەدا ڕکابەرێتی بکات. ڕکابەرێتییەکەش (بەپێچەوانەی فەیسبووکەوە) لە هەمان بۆشاییدا نییە.

سەرەڕای ئەوەی ئەو بۆشاییەی فەیسبووک پێت دەدات بۆشاییەکی سنووردارە، فەیسبووک خۆیشی کۆنترۆڵی ئەو بۆشاییە دەکات و هەرکات بیەوێت دەیگۆڕێت، بەڵام لەگەڵ وێبسایتدا توانای پێدانی ئەزموونێکی باشت دەبێت بۆ بەکارهێنەرەکانت کە بەتەواوەتی لە ژێرکۆنترۆڵی تۆدایە.

 

کورتهێنانەکانی وێبسایت چین؟
 دروستکردنی وێبسایت پێویستی بە شارەزاییە. ناتوانیت دابنیشیت بە تاقێک وێبسایتێک دروست بکەیت. هەرچەندە سیستمەکانی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک (CMS) کارەکەیان ئاسانتر کردووە بەڵام دروستکردنی پەیجی فەیسبووک بەچەندین قات ئاسانترە و هەموو کەسێک دەتوانێت زۆر بەخێرایی پەیجێکی فەیسبووک دروست بکات و پۆستی تێدا بڵاوبکاتەوە. 

لەلایەکی تریشەوە تەنانەت باشترین وێبسایتەکان کە لەگەڵ بزوێنەرەکانی گەڕانیشدا گونجاون، ئەگەر ریکلامیان بۆ نەکرێت و لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا شەیرنەکرێن، ئەوا لە زەریای فراوانی ئینتەرنێتدا وەکو دوورگەیەکی بچووک وون دەبن. بەڵام فەیسبووک لە بنەڕەتەوە بۆهاوبەشی پێکردن دروستکراوە و تایبەتمەندی گەڕانیش لەخۆدەگرێت.

کۆکردنەوەی باشترینەکانی هەردوولا
ناوەڕۆک و بەرهەم و خزمەتگوزارییەکانت بە دروستکردنی وێبسایتێک کە خۆت کۆنترۆڵی دەکەیت و بە سەلیقەی تایبەتت دەیڕازێنیتەوە بخەرەڕوو. بەمەش بزنسەکەت لە داهاتووی فەیسبووک کە یاساکانی بەردەوام لە گۆڕاندان دەپارێزیت.

پاشان بە دروستکردنی بڵۆگ بۆ وێبسایتەکەت و پەیجی فەیسبووک (هەروەها تویتەر و گوگڵ پڵەس و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەش) بزنسەکەت زیاتر بناسێنە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی وێبسایتەکەت بە شێوەیەکی سروشتی لە ڕێزبەندی ئەنجامەکانی گەڕاندا.