Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2022-04-09 - 05:31

ناساندنی مایکرۆسۆفت داینامیکس ٣٦٥

Hawre Kamal

داینامیکس ٣٦٥ بەشێکە لە خزمەتگوزارییەکانی مایکرۆسۆفت لە بواری بزنسدا، کە ئامانجی کۆکردنەوەی یەکە جیاوازەکانی بزنسە بە بەیەکەوەبەستنی خەڵک و داتاکانیان و بەکارهێنانەوەیان لە شوێنە پێویستەکاندا.

داینامیکس ٣٦٥ چییە؟
مایکرۆسۆفت داینامیکس ٣٦٥ بریتییە لە کۆکراوەی تایبەتمەندییەکانی ERP و CRM بە یەکەوە، یەکێک لە باشترین بژاردەکانە بۆ ڕێکخستنەوە و بەڕێوەبردنی بزنسەکەت بە شێوەیەکی کارامە. بە کورتی چارەسەرێکە بۆ هەموو جۆرەکانی بزنس. مۆدیوڵ و بەرنامەی تایبەت لە خۆدەگرێت بۆ هەموو ئەو بەشانەی کە لە کارگێڕی و بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکدا بوونیان هەیە. وەک بەشی:


وەک وتمان داینامیکس ٣٦٥ داتای هەموو یەکەکانی جیاوازەکانی بزنسەکەت دەبەستێتەوە بە یەکەوە، داینامیکس بەوە بەناوبانگە کە ڕووکارێکی هاوڕێیانە و ئاسانی هەیە بۆ بەکارهێنەر و ئەو بزنسانەی کە ئاشنان بە بەکارهێنانی مایکرۆسۆفت ٣٦٥ و مایکرۆسۆفت ئۆفیس هیچ کێشەیەکیان نابێت لە بەکارهێنانیدا.


داینامیکس ٣٦٥ چۆن کاردەکات؟
داینامیکس ٣٦٥ هەموو داتاکانی کڕیار و فرۆشتن لە یەک سیستەمدا کۆدەکاتەوە و دەیکاتە سەرچاوەی هەموو بڕیارەکان، بەمەش وێنە گەورەکەی سوڕی ژیانی کڕیار و تەواوی بەرکەوتنەکانی کڕیار لەگەڵ ئەو بزنسەدا دەبەخشێت بە بەکارهێنەر و ئەمەش ئاسانکارییەکی تەواو دەکات بۆ بەکارهێنەر لەوەی لە چی ناوەندێکدا بگەن بە کڕیارەکانیان و خێراتر مامەڵەکان کۆتایی پێبهێنن. داینامیکس هەموو ئەو کارانەی گرنگ و هەستیارن یان ئەو چالاکیانەی کە کاتێکی زۆر دەوێت بە شێوەیەکی خۆکار ئەنجامیاندەدات ئەمەش وادەکات بزنسەکەت بە شێوەیەکی کاریگەر و کارامەتر بڕوات بەڕێوە.

داینامیکس بۆ ئەوە دیزاینکراوە کە زۆرترین توانای خۆگونجاندن و فراوانبوونی هەبێت بە پێی پێویستی و داواکارییەکانی بزنسەکەت، هەروەها بە هۆی ئەم توانای خۆگونجان و گەسەندنە بەردەوامەوە داینامیکس دەتوانێت داواکارییەکانی هەموو جۆرە بزنسێک پڕبکاتەوە.



بەش و مۆدیوڵە جیاوازەکانی داینامیکس ٣٦٥:

لەبەر ئەوەی داینامیکس چارەسەرێکی یەکجارییە بۆ هەموو جۆرەکانی بزنس، بۆیە چەندەها بەش و مۆدیوڵی جیاواز لە خۆدەگرێت و تۆش دەتوانیت تەنها ئەو مۆدیوڵانە هەڵبژێریت کە پێویستن بۆ بزنسەکەت.

فرۆشتن: ئەم مۆدیوڵە بۆ تیمی فرۆشتنە، بۆ ئەوە دیزاینکراوە کە پڕۆسەی فرۆشتن و کۆتایهێنان بە مامەڵەکان ئاسانتر بکات بۆ بزنسەکەت. جا کۆمپانیاکەت لە جۆری B2B یان B2C بێت دەتوانیت سوود لە مۆدیولە وەربگریت.

مارکێتینگ: لە ڕێگەی مۆدیوڵی مارکێتینگەوە دەتوانیت بە خێرایی کامپەینی مارکێتینگەکەت بخەیتە ئیش و بەڕێوەی بەریت. یارمەتیت دەدات لەوەی پەیوەندییەکی بەهێزتر بنیادبنێیت لەگەڵ کڕیارەکانتدا و لە ڕێگەیەوە ئاست و بەرهەمی بزنسەکەت گەشەپێبدەیت ئەمەش بە پێکەوە بەستنی بەشی فرۆشتن و مارکێتینگ.


بزنس سێنتڕاڵ: مایکرۆسۆفت داینامیکس بزنس سێنتڕاڵ بریتییە لە چارەسەرێکی "هەموو لە یەکدا" بۆ بزنسە قەبارە مامناوەند و بچووکەکان بە ئامانجی بەڕێوەبردنی دارایی و زنجیرەی دابینکاری و بەرهەمهێنان، لەگەڵ بەڕێوەبردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان.

دارایی: ئەم مۆدیوڵە بریتیە لە چارەسەرێکی ERP بۆ هەموو کۆمپانیا جیهانییە قەبارە مام ناوەند و گەورەکان. ئاسانکردن و باشترکردنی پڕۆسەکانی بەشی دارایی و ژمێریاری و ئەنجامدانیان بە شێوەیەکی خۆکار.

سەرچاوە مرۆییەکان: ڕێکخستنی کاروباری کارمەندانی کۆمپانیاکەت هەر لە کاتی دامەزراندنیەوە بۆ خانەنشینبوونی، دۆزینەوە و وەرگرتنی کارمەندی نوێ.

بەڕێوەبردنی پڕۆژە: لە ڕێگەی ئەم مۆدیوڵەوە دەتوانیت پلان بۆ پڕۆژەکانت دابنێیت و بە گرافیکی شتەکان ببینیت، بزانیت کام ئیشە تەواو بووە و کامیان هێشتا لە ژێرکارکردندایە، لەگەڵ بەڕێوەبردنی سەرچاوە و پێداویستییەکان.

خزمەتگوزاریی مەیدانی: ڕێکخستنەوە و نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی کە ڕووبەڕووی تیمە تەکنیکییەکان دەبێتەوە، لە ڕێخستنی کات و شوێنی چاوپێکەوتن و دۆزینەوە شوێنی کڕیار و ڕێگا.

بەرهەمهێنان: بێگوومان ئەو کۆمپانیایانەی لە پیشەسازی بەرهەمهێنان لە ئاستێکی گەورەدا کار دەکەن، داتایەکی یەکجار زۆریان هەیە بۆ بەڕێوەبردن کە گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ ئەو بزنسە ئەگەر بە شێوەیەکی دروست بەکاربهێندرێتەوە.

فرۆشگا: ئەم مۆدیوڵە تایبەتە بە فرۆشگاکان جا فرۆشگاکەت ئۆنڵاین بێت یان بە فیزیکی بوونی هەبێت.