Sales : +964 (0) 773 157 0666

Sulaymaniyah

Erbil

Basra

Baghdad

2021-10-19 - 09:37

سایبەر سکیوریتی چییە؟ تێگەیشتنە هەڵەکان کامانەن لە بارەیەوە؟

Hawre Kamal

سایبەر سکیوریتی بریتیە لە ڕێگەکانی پارێزگاریکردن لە کۆمپیوتەر، سێرڤەر، مۆبایل، ڕاژە(نێتۆڕک)، هەر جۆرە داتا و ئامێر و سیستەمێکی ئەلیکترۆنی. هەروەها پێشی دەوترێت پارێزگاری تەکنەلۆژیای زانیاری، چەمکەکە بە چەند واتایەکی جیاواز بەکاردێت لە بزنسەوە بۆ هەژمارکردن، دەتوانین بیکەین بەچەند جۆرێکەوە.

- سکیوریتی نێتۆڕک: بریتیە لە بەهێزکردنی پارێزگاری نێتۆڕکەکان بۆ هەڕەشە دەرەکییەکان، جا هەڕەشەکان دیاریکراوبن یان ڤایرۆسێکی دیاریکراو بێت.

- سکیوریتی بەرنامە و ئەپڵیکەیشن: سەرنجدەخاتە سەر دوورخستنەوەی مەترسی لەسەر بەرنامە و سۆفتوێر و ئامێرەکان. پارێزگارییەکی سەرکەوتوو لە قۆناغی دیزاینەوە دەستپێدەکات پێش ئەوەی بەرنامە یان ئامێرەکە بخرێتە ئیش.

- سکیوریتی کڵاود: بریتیە لە پاراستنی داتاکانی ناو کڵاود لە کاتی زەخیرەکردن و گواستنەوە و ئیشکردندا، لە پێناو هێشتنەوەی داتاکانی بەکاربەر بە نهێنی و دوور لە دەستی دەرەکی.

- سکیوریتی زانیاری: یەکگرتوویی و نهێنی داتا دەپارێزێت هەم لە کاتی زەخیرەکردن و هەم لە کاتی گواستنەوەییدا.

- سکیوریتی کارکردن: ئەو پرۆسە و بڕیارانە لەخۆدەگرێت کە پەیوەستن بە پاراستنی داتاوە، وەک ئەو دەسەڵاتانەی کە بەکارهێنەرەکان هەیانە لە نێتۆڕک و سیستەمەکەدا، وە دیاریکردنی ئەوەی داتا چۆن زەخیرەبکرێت و هاوبەشی پێبکرێت بە گوێرەی ئەو یاسایانەی دانراوە.

- بەردەوامی بزنس و Disaster Recovery: سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە دامەزراوەکان چی بکەن لە کاتی ڕووداوێکی سایبەرسکیوریتییدا، یان هەر ڕووداوێکی دیکە کە ببێتە هۆی لە دەستدانی داتا و وەستانی کارکردن.

- پەروەردەی بەکارهێنەرەکان: سەرنج دەخاتە سەر یەکێک لە پێشبینینەکراوتریین هۆکارەکانی سایبەرسکیوریتی ئەویش بریتیە لە خەڵک(بەکارهێنەرەکان)، لە هەر ساتێکدا بەکارهێنەر دەتوانێت سیستەمێکی پارێزگاری تێکبشکێنێت بە پشتگوێخستن و شکاندنی یاساکانی سایبەرسکیوریتی ئەو سیستەمە. فێرکردنی بەکارهێنەر بۆ ئەوەی لینکی گوومانلێکراو نەکاتەوە و شتی نەناسراوە بەکارنەهێنێت و چەند ڕێنمایی سادەی دیکە دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ ببینن لە پەرەدان بە سیستەمی پارێزگاری دامەزراوەیەک.

 

قەبارەی مەترسییەکانی سایبەرسکیوریتی جیهانی بەردەوام لە گەشەسەندندایە و ڕۆژبەرۆژ بڵاوکردنەوە و هاککردنی داتا لەلایەن تاوانبارە سایبەرییەکانەوە زیاتر دەبێت، لە ساڵی ٢٠٢٠دا تێکڕای زیانی بڵاوکردنەوە و هاککردنی داتا بۆ هەر ڕووداوێک ٣.٨٦ ملیۆن دۆلار بووە لە جیهاندا و لە ئەمریکا ٨.٦٤ ملیۆن دۆلار بووە, ئەم تێچووانە کۆمەڵێک شت دەگرێتەوە وەک تێچووی چارەسەرکردن و دامەزراندنی ئامێر و سۆفتوێری نوێ، تێچووی کاتی لە ئیشکەوتن و لەدەستدانی قازانج، تێچووی زیانکەوتن بە ناوبانگی بزنس و براندەکە. لەم هێڵکارییەی خوارەوە تێچووەکانی ساڵانی ڕابردووتریش ببینن.



هەندێک خورافە و تێگەیشتنە هەڵەکانی جیهانی سایبەرسکیوریتی:

- تاوانبارە سایبەرییەکان دەرەکیین: لە ڕاستییدا، زۆربەی کات دزەکردنی داتا بە هۆی کەسێکی زیانبەخشی ناوخۆیی دامەزراوەکانەوە ڕوودەدات، جا لەوانەیە بۆخۆیان بە تەنها کاربکەن یان لەگەڵ گرووپێکی هاکەری دەرەکییدا دەستی تێکەڵکردبێت.

- مەترسییەکان دیارن و دەیانناسین: لە ڕاستییدا، قەبارەی مەترسییەکان بەردەوام فراواندەبێت، بەردەوام خاڵی لاوازی نوێ لە بەرنامە و ئامێرە نوێ و کۆنەکاندا دەدۆزرێتەوە، وە بەردەوام هەلی هەڵەکردنی مرۆڤ لە ئارادایە، بە تایبەت لەوانەیە بەهۆی فەرامۆشی فەرمانبەرێک یان مشتەرییەکەوە داتاکان دزەبکەن و ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ڕێژەکەی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە بۆیە پەروەردەکردنی کارمەندەکان لە ڕووی پارێزگارییەوە زۆر گرنگە بۆ هەموو دامەزراوەیەک.

- هەموو ڕێگاکانی هێرشی ئەلیکترۆنی کۆنتڕۆڵکراون: تاوانبارە سایبەرییەکان بەردەوام ڕێگەی نوێ دەدۆزنەوە بۆ هاککردن، وەک سیستەمەکانی لینوکس، تەکنەلۆژیا هەژمارییەکان، ئامێرەکانی ئینتەرنێتی شتەکان(IoT)، ژینگە كڵاودییەکان.

- دامەزراوە و پیشەسازییەکەی من پارێزراوە: لە ڕاستیدا، هەموو دامەزراوە و پیشەسازییەک پشکێکی بەردەکەوێ لە مەترسییەکانی سایبەرسکیوریتی، لە ئێستادا هێرشە ڕامسۆموێرییەکان هەموو دامەزراوەیەکی حکوومی و کەرتی تایبەت و دامەزراوەی قازانج نەویست دەکەنە ئامانج و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەکەی بەرزتر دەبێتەوە.