Chat With Avesta Group Staff

Call us : +964 (0) 770 577 0003 / +964 (0) 770 593 1119

کۆنفرانسی هاوبەشی ئاڤێستا و LFU: دیجیتاڵ کردن و چاکسازی لە پڕۆسەی خوێندن

لە ڕێکەوتی ٧ی ئایاری ٢٠١٨، کۆمپانیای ئاڤێستا بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی کۆنفرانسێکیان لە ژێر ناونیشانی "Educational Reform through Digital Transformation" ڕێکخست. کۆنفرانسەکە لە کەمپی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی بەڕێوەچوو. ئامانجی کۆنفرانسەکە ناساندن و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم بوو لە دیجیتاڵی کردن و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی خوێندندا.

بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکە بۆ هەمووان کراوەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک بەڕێوەبەر و بەرپرسی حکومی و زانکۆکان بانگهێشتکرابوون. دکتۆر نوری هەرزانی بەڕێوەبەری گشتی دڵنیایی جۆری لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، هەروەها دکتۆر خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتی لە دیوانى وەزارەت ئامادەی کۆنفراسەکە بوون.

سەرەتای کۆنفرانسەکە بە ووتەیەک لە لایەن دکتۆر محمد صدیق خۆشناو سەرۆکی زانکۆی لوبنانی فەرەنسی، دەستی پێکرد. دکتۆر محمد ئاماژەی بە ستراتیژی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی کرد بۆ دیجیتاڵ کردنی پڕۆسەکانی و تەواوی تەرکیزی خۆی بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە خستەڕوو.

پاشان مامۆستا هاژە یحیی، بەڕێوەبەری سیستەمی زانیاری لە زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی، ئاماژەی بە کۆسپەکانی بەردەم دیجیتاڵیبوون کرد و ئەو ڕێگایانەی کە زانکۆکە بە هاوکاری کۆمپانیای ئاڤێستا بۆ چارەسەرکردن گرتویانەتە بەر باسکرد. هەروەها مامۆستا هاوڕێ نورالدین، بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری لە زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی، باسی لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کرد بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. مامۆستا هاوڕێ باسی لەوەش کرد کە چۆن زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی پابەندی تەواوی ئەو یاسا و ڕێنماییانەیە.
لە بەشی دواتردا یاد ڕەشید، بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی کۆمپانیای ئاڤێستا، باسی لەو خزمەتگوزارییانە کرد کە کۆمپانیای ئاڤێستا بۆ زانکۆکان دابینی دەکات. یاد ئاماژەی بە مۆڵەتی بەکارهێنانی بەرنامەکان کرد و بە هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی زانکۆکان لە ئاستی نێودەوڵەتی لەقەڵەمیدا. پاشان یاد بە هاوکاری نیگا عەتا، شارەزای تەکنیکی بەشی فرۆش، باسیان لەو مەترسییانە کرد کە بەرنامەی مۆڵەتنەدراو (کراک) ڕوبەڕووی زانکۆکانی دەکاتەوە. هەروەها باسیان لە خزمەتگوزاری و ئۆفەرەکانی مایکرۆسۆفت (وەکو مایکرۆسۆفت سکوڵ و ئۆفیس ٣٦٥) کرد.

لە کۆتاییدا ئەحمەد نورەدین، بەڕێوەبەرێکی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، بانگهێشت کرابوو بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پەیوەندی سکایپەوە بەشداری کۆنفراسەکە بکات. ئەحمەد باسی لە ئەزموونی سەرکەوتووی بەشێک لە زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و ئەو ئۆفەرانەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی خستەڕوو کە زانکۆکان دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن.

لینکی پەیوەندیدار: کورتەی کۆنفرانسەکە لە وێبسایتی زانکۆی لوبنانی فەڕەنسی

لە خوارەوە هەندێک لە دیمەنەکانی کۆنفرانسەکە بە شێوەی ڤیدیۆ و وێنە ببینە: