Chat With Avesta Group Staff

Call us : +964 (0) 770 577 0003 / +964 (0) 770 593 1119

عێراق و سعودیە بۆ زۆری هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لە پلەی یەکەمدان

هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەخێرایی ڕوو لە زیادبوون دەکەن بە جۆرێک کە ئەمساڵ تێکڕای هێرشە ئەلیکترۆنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تێکڕای هێرشەکانی جیهان زیاتر بووە. سعودیە و عێراقیش بۆ زۆری هێرشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەپلەی یەکەم دێن.

تۆڕی ئاسایشی ئەلیکترۆنی ئاربۆر لە پێشانگای تەکنەلۆژیی جیتێکسدا کە مانگی ڕابردوو، تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لە دوبەی بەڕێوەچوو ڕایگەیاند "دوو لەسەر سێی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی ٢٠١٦ لە سعودیە ئەنجام دراون. لە دوای سعودیەش هەریەکە لە عێراق و کوەیت بە پلەی دووەم و سێیەم دێن کە ڕوبەڕووی زیاترین هێرشە ئەلیکترۆنییە بەهێزەکان بوونەتەوە."

هێرشی ئەلیکترۆنی بەهێز بەو هێڕشانە دەوترێت کە قەبارەیان لە سەروو ١٠ گێگابیتەوەیە بۆ چرکەیەک. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەمساڵدا تێکڕای قەبارەی هێرشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ سەرو ٢.٥ گێگابیت لە چرکەیەکدا بەرزبێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی ئاربۆر زۆربەی هێرشەکان لە جۆرێکی تایبەتن کە پێی دەوترێت هێرشی دیدۆس (DDoS) واتە لەکارخستنی خزمەتگوزاری. لەم جۆرە هێرشانەدا هاکەرەکان سوود لە کۆمپیوتەر و ئامێرە بارگاویکراوەکان بە ڤایرۆس و بەرنامە زیانبەخشەکان وەردەگرن. هێرشبەرەکان ئەم ئامێرانە ئاڕاستە دەکەن بۆ ئەوەی سێرڤەری وێبسایتەکان یاخود خزمەتگوزارییەکی دیاریکراو لەکاربخەن.

ژمارەیەک لە ڕێکخراوە حکومی و تایبەتەکان بڕی ئەو زیانەی کە لە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان پێیان گەیشتووە بە ٥٠٠ دۆلار بۆ هەموو خولەکێک دەخەمڵێنن. ئەمەش لە کاتێکدا کە بەپێی ڕاپرسییەک نزیکەی ٧%ی کۆمپانیاکان زیانی ١٠ هەزار دۆلاریان بۆ هەموو خولەکێک خەمڵاندووە.

هۆکارێکی سەرەکی زۆری هێرشەکان لە ناوچەکەدا زۆری بەکارهێنانی بەرنامە و سۆفتوێری نایساییە کە زۆربەیان بۆ مەبەستی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنرێن. بۆ خۆپاراستنیش لە هێرشەکان کڵاودی مایکرۆسۆفت بژاردەیەکی گونجاوە و جێگەی متمانەی زۆربەی دامەزراوە و حکومەتەکانە.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بڵۆگی (هێرشی ئەلیکترۆنی بۆسەر وێبسایتەکان) بخوێنەرەوە. هەروەها بۆ زانیاری لەسەر خزمەتگوزاری کڵاود بڵۆگی (کڵاود چییە؟) بخوێنەرەوە..