Chat With Avesta Group Staff

Call us : +964 (0) 770 577 0003 / +964 (0) 770 593 1119

کۆمپانیای ئەدۆبی بڕیاریدا کڵاودی مایکرۆسۆفت بەکاربهێنێت

کۆمپانیای ئەدۆبی لەبەر گرنگی تەکنەلۆژیای کڵاود لە سەردەمی ئەمڕۆدا هەنگاوێکی گەورەی بەرەو نوێکردنەوەی بەرهەمەکانی ناوە. بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەدۆبی بەرنامەو بەرهەمەکانی لەگەڵ کڵاود تێهەڵکێش کردووەو لە ئێستاشدا ڕێککەوتنی لەگەڵ مایکرۆسۆفت بۆ پشتبەستن بە ئاژوور ڕاگەیاند.

هەفتەی ڕابردوو ٢٦ی ئەیلول کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە کۆنفرانسێکیدا بۆ شارەزایانی بواری ئایتی کە بە کۆنفرانسی ئیگنایت ناسراوە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەدۆبیدا ئاشکراکرد.

شانتانو ناراین بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەدۆبی لە کۆنفرانسەکەدا بەشداریکرد و ڕایگەیاند کە سیان لە سەرەکیترین بەرهەمەکانیان کە بریتین لە (Creative Cloud) و (Document Cloud)و (Marketing Cloud) خستووەتە کڵاودەوە و بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە خزمەتگوزاری کڵاودی مایکرۆسۆفت وەردەگرن.

 لای خۆیەوە ساتیا نادێلا بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی مایکرۆسۆفت هەوڵەکانی کۆمپانیای ئەدۆبی بۆ گواستنەوەی کارەکانیان بۆسەر کڵاود بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد. لەبەرامبەردا شانتانو باسی لە گرنگی و ناوازەیی بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفت کرد وەکو ویندۆز ١٠ و سێرفس پرۆ. هەروەها هاوڕایی خۆی دەربڕی بۆ ووتەکانی ساتیا لەبارەی گرنگیدان بە کڵاود و بە مۆبایل کە لە ئێستادا مایکرۆسۆفت بە کاری لە پێشینەی خۆیان دەزانێت.

هاوکات هەردوولا باسیان لە تێهەڵکێشبوونی نوێی بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفت کرد بۆ بەڕێوەبردنی فرۆش (Dynamics 365) لەگەڵ بەرهەمەکانی ئەدۆبیدا بۆ بەشی بازاڕکردن و مارکێتینگ (Marketing Cloud) کەهەردوو بەرهەمەکە پشت بە خزمەتگوزاری ساس دەبەستن. ساس (SaaS) دوایین ئاستی خزمەتگوزاری کڵاودە کە تیایدا بەرنامەکان دەخرێنە کڵاودەوە و لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەکاردەهێنرێن، واتە چیتر پێویستیان بە دامەزراندن لەسەر ئامێرێکی دیاریکراو نابێت بەڵکو دەتوانرێت تەنها لە ڕێگەی براوزەرێکەوە بەکاربهێنرێن.