Chat With Avesta Group Staff

Call us : +964 (0) 770 577 0003 / +964 (0) 770 593 1119

ئۆفیس 365 و تایبەتمەندییەکانی

ئۆفیس ٣٦٥ ڕێگەدەدات بەکارهێنەران لە هەموو شوێنێکی دنیاوە و لە هەرکاتێکدا کە دەیانەوێت کارەکانیان ئەنجام بدەن. بە جۆرێک کە پەیوەندی نێوان بەکارهێنەران و کارکردنیان بەیەکەوە ئاسان و خێرابێت.

بە بەکارهێنانی ئۆفیس ٣٦٥ چیتر دواکەوتن لە پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا نابێتە خەمێکی بەکارهێنەران چونکە لەگەڵ ئۆفیس ٣٦٥ بەردەوام لە پەرەسەندایت. هەروەها داتا و زانیارییەکان پارێزراو دەبن لە مەترسی دزران و هێرشە ئەلەکترۆنییەکان لەگەڵ سیستمێ بەهێزی پاراستن لە سپام.

بەکارهێنەرانی ئۆفیس ٣٦٥ دەتوانن سوود لە شیکاری وورد و بەسوود لەسەر زانیارییە تۆمارکراوەکانیان وەربگرن بە جۆرێک کە پێشوەخت ئاگاداری ڕووداو و دەرەنجامە پێشبینی نەکراوەکان دەبن. ئەم سیستمە زیرەکە ڕێگە دەدات بە گوێرەی پێویست و دوور لە مەسروفاتی زیادە بودجە دابین بکرێت و تێچووی زیادە بۆ بەکارهێنەر دەگەڕێتەوە.

ئۆفیس ٣٦٥ یەکێکی دیکەیە لە خزمەتگوزارییەکانی کڵاودی مایکرۆسۆفت. بە شێوەیەکی گشتی ئۆفیس ٣٦٥ لەم خزمەتگوزارییانە پێک دێت

١. بەرنامەکانی ئۆفیس لە هەموو شوێنێک و هەموو کاتێک

بەرنامەکانی ئۆفیس وەکو وۆرد و ئەگزڵ و پاوەرپۆینت لەسەر ئامێرە جیاوازەکان لە کۆمپیوتەر و ماک، ئامێرە ئەندرۆیدەکان و ئایفۆن و ئایپاد، هەروەها لەسەر وێب یان تۆڕی ئینتەرنێت بەهەمان ئەو ڕووکارەوە کە لەگەڵیاندا ڕاهاتوویت بەردەست دەبن.

ئۆفیس لە کۆمپیوتەر: بەرنامەکانی ئۆفیس لەسەر کۆمپیوتەرەکان (ماک و ویندۆز) بەهێزترین و زیاترین تایبەتمەندییان تێدایە. نوێترین ڤێرژنی ئەم بەرنامانە (Office 2016) کە لەڕێگەی خزمەتگوزاری ئۆفیس ٣٦٥ بەردەست دەکرێن بریتین لە وۆرد، ئەگزڵ، پاوەرپۆینت، وەن نۆت، ئاوت لوک، پەبڵیشەر.

ئۆفیس لە مۆبایل: هەروەها لە مۆبایل و تابلێتەکاندا بەرنامەکانی ئۆفیس بوونی هەیە و ئەزموونێکی هاوشێوەی کۆمپیوتەر دەبەخش. بەڵام ژمارەی تایبەتمەندییەکان لە چاو ئۆفیس بۆ کۆمپیوتەر کەمترن و هەندێک لە تایبەتمەندییە سەرەتاییەکانیش بۆ هەمووان و بەبێ بەرامبەر بەردەستن. بەڵام بۆ دەستکەوتنی تەواوی تایبەتمەندییەکان بەکارهێنەر پێویستی بە بەشداربوونە لە خزمەگوزاری ئۆفیس ٣٦٥.

ئۆفیس لە وێب: لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بەرنامەکانی ئۆفیس لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت بە شێوەی ئۆن لاین و بەبێ بەرامبەر بەردەستن. واتە تەنها براوزەرێک بەسە بۆئەوەی کە بتوانیت بەرنامەکان بەکاربهێنیت و پێویست ناکات بەرنامەکان خۆیان داونلۆد بکەیت یان دایانمەزرێنیت.

بۆ زانیاری زیاتر لەسەر بەرنامەکانی ئۆفیس ئەم بڵۆگە بخوێنەرەوە: بەرنامەکانی ئۆفیس و ئۆفیس ٣٦٥

٢. خزمەتگوزاری وەن درایڤ بۆ خەزن کردن و هەڵگرتنی فایلەکان لەسەر کڵاود

وەن درایڤ فایل و دۆکیومێنتەکان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت هەڵدەگرێت و دەیانپارێزێت. بەکارهێنەران دەتوانن لەسەر هەموو ئامێرێک یان بە بەکارهێنانی براوزەرەکانیان بچنە نێو فایلە تایبەتەکانیان و دەتوانن لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارەکانیان بەیەکەوە و بە بەکارهێنانی بەرنامەکانی ئۆفیس لەسەر پرۆژەو فایلەکان کار بکەن.

وەکو دەستپێک وەن درایڤ پێنج گێگابایت بە بێ بەرامبەر دەداتە بەکارهێنەرانی ئاسایی و ٥٠ گێگابایت بەرامبەر بە مانگانەی دوو دۆلار. هەروەها بەشداربوون لە خزمەتگوزاری ئۆفیس ٣٦٥ یەک تێرابایت لە وەن درایڤ دابین دەکات بۆ هەموو بەکارهێنەرێکی ئەو خزمەتگوزارییە.

 

٣. خزمەتگوزاری ئیکسچەینج بۆ بەڕێوەبردنی ئیمەیڵ و ڕۆژژمێر لە کۆمپانیا و دامەزراوەکان

مایکرۆسۆفت ئیکسچەینج خزمەتگوزارییەکی کڵاودی مایکرۆسۆفتە بۆ بەڕێوەبردنی ئیمیڵەکان لە کۆمپیوتەر و مۆبایل و وێب بۆ کارو بزنسەکان. ئەم خزمەتگوزارییە ژمارەیەکی زۆر هەڵبژاردەی تێدایە کە ڕێگەدەدات شارەزایانی بواری ئای تی بە ویستی خۆیان و بەپێی پێویستی ڕێکخستن ئەنجام بدەن لە یاسا و ڕێگەپێدانەکانی ئیمەیڵی کارمەندان. هەروەها کارمەندەکانیش ئەزموونێکی دەوڵەمەندو هاوشێوەیان دەبێت لە بەکارهێنانی ئیمەیڵەکانیان و لەسەر هەموو ئامێرێک.

ئیکسچەینج پەیکەرێکی ڕێکخراو دەداتە بزنسەکان و بەشێوەیەکی بەردەوام پارێزراویان دەکات لە هێرشە ئەلەکترۆنییەکان. هاوکات ئەم خزمەتگوزارییە ڕێگە نادات زانیاری هەستیار و پارێزراوی کۆمپانیاکان بە هەڵە هاوبەش بکرێت لەگەڵ کەسی دیکەدا، ئەم تایبەتمەندییەش بە DLP ناسراوە.

بەکارهێنەر دەتوانێت سوود لە ٥٠ گێگابایت بۆشایی بۆ ئیمەیڵەکانی لە مەیڵبۆکسەکەیدا وەربگرێت و ناکۆتاش بۆشایی بۆ ئەرشیف کردنی ئیمەیڵەکانی بەردەست دەبێت. هەروەها گواستنەوەی فایلەکان لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە تاوەکو ١٥٠ مێگابایت پاڵپشتی دەکرێت.

ئۆفەری مایکرۆسۆفت ئیکسچەینج بە شێوەی سەربەخۆ یان وەکو بەشێک لە ئۆفەرەکانی ئۆفیس ٣٦٥ دەبێت. بۆ زانیاری زیاتر و بەشداری کردن لە ئۆفەرەکان کلیک لێرە بکە.

مایکرۆسۆفت ئیکسچەینج سەربەستی تەواو دەداتە کڕیارەکان بۆ ئەوەی بەشێوەی ناوچەیی ڕێکبخرێت لە تۆڕی ناوەوەی شوێنی کارەکان یاخود بەشێوەی ئۆنلاین لە تۆڕی جیهانی کڵاودی مایکرۆسۆفت.

٤. خزمەتگوزاری شێرپۆینت بۆ هاوبەشی پێکردنی فایلەکان لە ناوەوەو دەرەوە

شێرپۆینت بۆ بەیەکەوەکارکردن و هاوبەشی پێکردن لە پرۆژەکاندا بێ وێنەیە و لەگەڵ بەرنامەکانی ئۆفیسدا پەیوەندییەکی توندو تۆڵی هەیە. ئەم خزمەتگوزارییە ڕێگەدەدات کارمەندانی ڕێکخراوەکان بەهۆی تایبەتمەندییەکانی وەکو تیم سایتس (Team Sites) لە کارەکانی یەکتری ئاگاداربن و بە ئاسانی هەموو فایلە گرنگەکان بدۆزنەوە.

خزمەتگوزاری شێرپۆینت بە شێوەی ئۆنلاین و بە سوود وەرگرتن لە کڵاودی مایکرۆسۆفت بەردەستە و هەروەها دەتوانرێت سێرڤەرەکانی بە شێوەی ناوچەیی لە تۆڕی ناوەوەی ڕێکخراوەکان دابمەزرێت.

بەم پێیە بۆ بەشداری کردن لە خزمەتگوزاری شێرپۆینت دوو پلانی ئۆنلاین و دوو پلانی سێرڤەر هەیە. هاوکات دەتوانیت وەکو بەشێک لە خزمەتگوزاری ئۆفیس ٣٦٥ سوودمەند بیت لە شێرپۆینت.

 

٥. سکایپ و سکایپ بۆ بزنس کە ڕێگەدەدەن پەیوەندییەکان و کۆبوونەوەکان بە ئاسانی و بە باشترین شێوە ئەنجام بدرێن

کەم کەس هەیە بە ووشەی سکایپ ئاشنا نەبێت و هەموان دەزانن کە یەکێکە لە باشترینەکان بۆ پەیوەندی ئۆنلاین. لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە ئەم بەرهەمە ناوازەیە هێنرایە ناو پلانەکانی مایکرۆسۆفت بۆ بزنس و بووە جێگرەوەی لینک (Lync) بۆ پەیوەندیکردن لە ناو ڕێکخراوەکاندا.

سکایپ هەموو تایبەتمەندییە جوانەکانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە و هاوکات تایبەتمەندییەکانی لینکی گەشەپێداوە و بەهێزتری کردوون. سکایپ بۆ بزنس ڕێگەدەدات کارمەندان هەمیشە لە پەیوەندیدا بن و بتوانن فایلەکان و ناوەڕۆکی کارەکانیان لەگەڵ یەکتریدا هاوبەش پێبکەن.

کۆبوونەوەو کۆنفرانسەکان لە ڕێگەی سکایپ بۆ بزنس زۆر ئاسان بەڕێوەدەچن و بەشێوەیەکی پیشەییانە ئەنجام دەدرێن. سکایپ بۆ بزنس بەجۆرێک دروستکراوە کە بە باشترین شێوە لەگەڵ بەرنامەکانی ئۆفیس گونجاوە و دەتوانیت ڕاستەخۆ لە ناو بەرنامەکانەوە سکایپ بەکاربهێنیت.

دەتوانیت لە ڕێگەی بەشداربوون لە خزمەتگوزاری ئۆفیس ٣٦٥ سوودمەند بیت لە سکایپ بۆ بزنس یاخود بە جیا و بە بڕی مانگانەی تەنها ٥.٥٠ دۆلار بۆ هەر بەکارهێنەرێک (بە پابەندبوونی یەک ساڵ).

٦. خزمەتگوزاری یامەر بۆ تۆڕی کۆمەڵایەتی تایبەت لە ناو کۆمپانیاو دامەزراوەکان

یامەر یەکێکە لە داهێنانە نوێکانی بواری بزنس کە ڕێگەدەدات تۆڕێکی کۆمەڵایەتی هاوشێوەی فەیسبووک لەناو ڕێکخراوەکاندا دروستبکرێت. یامەر لە ڕێگەی دۆمەینی ئیمەیڵەکانیانەوە کارمەندانی هەمان ڕێکخراوە دەناسێتەوە و پەیوەستیان دەکات بە یەکەوە. هاوکات تیمەکانی ناو هەمان ڕێکخراوەش دەتوانن گروپی تایبەت بەخۆیان دروست بکەن و پرۆژەو کارەکانیان بەڕێوەببەن.

ئێستا یامەر لەگەڵ ئۆفیس ٣٦٥ تێهەڵکێشکراوە و بەکارهێنەرئەزموونێکی ناوازەی دەبێت بە سوودوەرگرتن لە تایبەتمەندییەکانی هەردوو خزمەتگوزارییەکە لە ژینگەی کارکردندا.

بەردەوام بۆ پێشەوە

کۆمپانیای مایکرۆسۆفت بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ دابین کردنی کەشێکی گونجاو بۆ کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان تاوەکو بە باشترین شێوە کارەکانیان بەڕێوەبەرن. ئەمەش لەڕێگەی گەشەپێدانی خزمەتگوزاری کڵاودەوە و ئۆفیس ٣٦٥ وەکو بەشێک لەو خزمەتگوزارییە بەردەوام لە گەشەپێداندایە.

چاوەڕوان دەکرێت مایکرۆسۆفت لە داهاتوودا تایبەتمەندی زیاتر بۆ ئۆفیس زیاد بکات و بواری کارەکانی فراوانتر بکات بۆ ئەوەی ئامانجەکانی زیاتر بێنێتە دی لە دابینکردنی ژینگەیەکی بەرهەمهێن بۆ هەمووان.