هەڵبژاردنی ناو و دەستەواژەی کورت و پوخت بۆ لینک(URL)ەکانی وێبسایت یاخود بڵۆگەکانت
یەکێکە لە گرنگترین ئەو خاڵانەی پێویستە لەمڕۆدا ڕەچاوی بکەیت.
بێگوومان خەڵک ڕۆژانە و بە بەردەوامی وێبسایت و پەیجەکانی ناوی ئاڵوگۆڕ
دەکەن و لەگەڵ یەکتردا هاوبەشی پێدەکەن. یان، خەڵکانێکی تر هەن کە لە نووسین و
تایپكردندا زۆر خێران و حەز دەکەن خۆیان لینکی وێبسایتەکان بنووسن. بۆ نموونە کەسێک
کە ڕۆژانە بابەتەکانی بەشی وەرزشی وێبسایتی الجزیرە دەخوێنێتەوە، بە تێپەڕبوونی
کات دەتوانێت ناوی تەواوی لینکەکانی بەشی وەرزشی لەبەربکات و جاری داهاتوو کە سەردانی
ئەو بەشەی کردەوە دەتوانێت بە خێڕایی لینکەکە بنووسێتەوە.
بەڵام ئەگەر بەشی وەرزشی بەو جۆرەی دووەم بێت، ئەوا بێگوومان زۆر کەم خەڵک دەتوانن ئەم لینکە لەبەر بکەن و ناچار دەبن سەیڤی بکەن (Bookmark) بۆ ئەوەی دووبارە لە داهاتوودا بیدۆزنەوە.
بە شێوەیەکی گشتی لە وێبسایتدا دوو جۆرە لینکمان هەیە:
یەکەم: ئەو لینکانەی کە گشتین و واڵان واتە بۆ گەیشتن بە لاپەڕەی مەبەست پێویستیان بە پارێزگاری (Authentication) نییە. پێویستە ئەم جۆرە لینکانە لە کاتی دروستکردنی وێبسایتدا ڕەچاوی دۆخی بەکارهێنەر و ئامڕازەکانی گەڕان بکرێت.
دووەم: ئەو لینکانەی تایبەتین تەنها بۆ چەند بەکارهێنەرێکی دیاریکراو یان کۆمەڵێ بەکارهێنەرە، ئەم لینکانە پێویست ناکات زۆر ئاسان و واڵا بن بەڵکو ئەبێ بە جۆرێک پارێزاراو بن کە خەڵکی نەتوانێت بە ئاسانی بیاندۆزێتەوە. هەروەها پێویستە لەلایەن مەکینەکانی گەڕان و (Search Bot)کانیشەوە نەدۆزرێتەوە.
لێرەدا بابەتەکە دەربارەی ئەو لینکانەیە کە گشتین:
لەناو لینکەکاندا پێویستە ناوی تەواوی ئەو هەواڵە یان بڵۆگە هەبێت کە بەکارهێنەر
دەیخوێنێتەوە. هەروەها لە نێوان وشەکاندا نابێت (بۆشایی"Space"، نیشانەی کۆکردنەوە"+", یان "Underscore")
هەبێت. وا باشترە داش (Hyphen -)
بەکاربهێندرێت.
ئەم شێوازە بە "Kebab Case" ناسراوە لە زمانەکانی کۆدداڕشتندا، بەڵام وا باشترە شێوازەکانی
تری وەک "Pascal case"
و "Camel Case"
بەکارنەهێندرێت لەناو لینکەکاندا.
ئەگەر وێبسایتەکە بە زمانی ئینگلیزی بوو وا باشترە ناونیشانی بابەتەکە بە پیتی بچووک لە ناو لینکەکاندا بوونی هەبێت.
وا باشترە بە هیچ جۆرێک "URL Encode" لەو لینکانەدا کە گشتی و واڵان بەکارنەهێندرێت.
وا باشترە "Dynamic Page" بەکارنەهێندرێت، داینامیک پەیج واتە یەک لاپەڕە بۆ چەند بەشێکی جیاوازی وێبسایتەکە بەکاردەهێندرێت، لەم کاتەدا ناتوانین زۆر سوود لەم پەیجە وەربگرین لە ڕووی "SEO- Search Engine Optimization" و باشترکردنی ناوەڕۆکی وێبسایتەکەوە.
وا باشترە پاشگری لاپەڕەکان "Page Extension" بەکارنەهێندرێت، بە تایبەت ئەو پاشگرانەی کە دەڵێت بە چی زمانێکی کۆدداڕشتن دروستکراوە.
لەناو لینکەکاندا پێویستە ناوی ئەو وشە و "Keyword"دانە هەبێت کە خەڵک ڕۆژانە لەناو ئامڕازەکانی گەڕاندا دەینووسن، بەم شێوەیە ئەم لاپەڕانە زۆر ئاسانتر لەلایەن مەکینەکانی گەڕانەوە دەدۆزرێنەوە لە لاپەڕەکانی سەرەتادا دەبینرێن. بۆ نموونە لەم لینکەی خوارەوەدا وشەی "xps 13 laptop" هەیە و ئەگەر کەسێک بە دوای ئەم وشەیەدا بگەڕێت، ئەوا زۆر بە ئاسانی ئەم لاپەرەیە دەدۆزێتەوە.
وا باشترە لاپەڕەی نەگۆڕ "Static Page" بۆ ئەو بەشانە بەکاربهێندرێت کە ناوەڕۆکەکانیان زۆر ناگۆڕێت و تا ڕادەیەک جێگیرن.
بە هۆی بەردەوام بەرەوپێشچوون و فرەچەشنبوونی تەکنەلۆجیا و سیستەمەکانەوە بە شێوەیەکی بەردەوام ئەم ڕێنماییانەش دەگۆڕێن. ئەو شتانەی ئەمڕۆ بە دروست دەزاندرێت ڕەنگە لە کاتێکی تردا هەڵەبێت.